ئیسرائیل وه‌زیرێكى فه‌ڵه‌ستین ده‌ستگیرده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 30/06/2019‌ :: 158‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پۆلیسى ئیسرائیل وه‌زیرێكى فه‌ڵه‌ستینى ده‌ستگیركرد و به‌پێى میدیاكان ده‌ستگیركردنه‌كه‌ له‌نێو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا بووه‌ له‌ قودس.


ئاژانسى فرانس پرێس له‌سه‌ر زارى میكى روزنفێلد، وته‌بێژ به‌ناوى پۆلیسى ئیسرائیل رایگه‌یاند: فادى هه‌دمى، وه‌زیرى كاروبارى قودس له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتى فه‌ڵه‌ستین ده‌ستگیركراوه‌ و لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه‌ به‌هۆى "چالاكییه‌كانى له‌ قودس".

به‌پێى وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌و وه‌زیره‌ش ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى هه‌دمى پێده‌چێت به‌هۆى چالاكییه‌كانیه‌وه‌ بوبێت له‌ قودس له‌نێویشیدا یاوه‌ریكردنى سیبستیان بینیرا، سه‌رۆكى چیلى له‌ سه‌ردانیدا بۆ مزگه‌وتى ئه‌قسا.

به‌پێى سه‌رچاوه‌كه‌: هێزێكى گه‌وره‌ له‌ پۆلیس و هه‌واڵگرى ئیسرائیل هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر ماڵى وه‌زیره‌كه‌ و پشكنینیان له‌ناو ماڵه‌كه‌یدا كردووه‌ و ده‌ستیشیانگرتووه‌ به‌سه‌ر مۆبایله‌ تایبه‌ته‌كه‌یدا.

ئیسرائیل رێگرى له‌هه‌ر ده‌ركه‌وتنێكى ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستین له‌ قودس ده‌گرێت.

سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى چیلى بۆ مزگه‌وتى ئه‌قسا ئه‌وكات بووه‌ هۆى نیگه‌رانى و ناڕه‌زایى ئیسرائیل و به‌ پێشێلكردنى بنه‌ما و لێكتێگه‌یشتنه‌كانى پێشوو ناویبرد.

ده‌سه‌ڵاتى ئیسرائیل به‌سه‌ر قودس-دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1967 و له‌وكاته‌وه‌ ململانێى هه‌ردوولا بۆ ناساندنى شاره‌كه‌ وه‌ك پایته‌ختى خۆیان درێژه‌ى هه‌یه‌.

ئاماده‌كردن: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure