یه‌كه‌م كڕیارى تابلۆى ژماره‌ (1)ى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌كه‌وێت

هەواڵ / کوردستان :: 30/06/2019‌ :: 5543‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی ھه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: هاووڵاتییه‌ك سه‌ردانى كردوون و ئاماده‌یى ده‌ربریوه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دینار بداته‌ تابلۆى ژماره‌ (1)ی ئۆتۆمبێلی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌شڵێت: به‌منزیكانه‌ ده‌ست به‌ فرۆشتنى تابلۆكان ده‌كرێت.

 
عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی پارێزگای ھه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ به‌ فه‌رمى نرخى تابلۆكانى ئۆتۆمبێل به‌ناوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دیاریكرا و نرخى ژماره‌ (1)ى تابلۆكان به‌ بڕى یه‌ك ملیار دینار خه‌مڵێنرابوو، له‌ئێستادا هاووڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب سه‌ردانى كردوین و ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بڕى ملیارێك و 100 ملیۆن دینار بداته‌ تابلۆى ژماره‌ (1).

وتیشى: به‌گوێره‌ى یاسا هه‌ر هاووڵاتییه‌ك خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى بێت، كوردبێت یان عه‌ره‌ب مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ببێته‌ خاوه‌ن تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆیه‌ له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ ژماره‌ (1) بدرێته‌ ئه‌و هاووڵاتیه‌. ئه‌وه‌شى وت: ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س له‌و بڕه‌ى ئه‌و زیاتر بدات ئه‌ویش بڕه‌كه‌ى زیاتر ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ نزیكترین كاتدا ده‌ستده‌كه‌ین به‌ فرۆشتن و پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل، چونكه‌ رێككاره‌كانى تایبه‌ت به‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌رچوون، هاوكات ئه‌و داهاته‌شى ده‌ستده‌كه‌وێت له‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى شاره‌كه‌دا خه‌رجده‌كرێنه‌وه‌.

پێشتر عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نرخى تابلۆى ژماره‌ (1) به‌ یه‌ك ملیار دینار و هه‌روه‌ها ژماره‌ (2 تا ژماره‌ 9) به‌ بڕى 600 ملیۆن دینار ده‌فرۆشرێن، هاوكات ژماره‌ (10 بۆ 99) به‌ 300 ملیۆن دینار و له‌ ژماره‌ (100 بۆ ژماره‌ 999) به‌ بڕى 200 ملیۆن دینار ده‌فرۆشین.

عه‌مید حه‌سه‌ن رونیشیكرده‌وه‌: ژماره‌ (1000) به‌ 180 ملیۆن دینار و هه‌روه‌ها ژماره‌ (1988) كه‌ هێمایه‌ بۆ ساڵی كیمیابارانكردنی ھه‌ڵه‌بجه‌ به‌ بڕى 600 ملیۆن دینار ده‌فرۆشین.

راشیگه‌یاند: هه‌ر كه‌س ئاره‌زوومه‌نده‌ بۆ كڕینی ئه‌و ژماره‌ نایابانه‌، ده‌توانێت داواكاریمان پێشكه‌شبكات.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوكردنه‌وه‌: هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure