دواڕۆژ هۆكارى یه‌كلایى نه‌كردنه‌وه‌ى ناوى كاندیدانى پارتى ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 30/06/2019‌ :: 772‌ جار بینراوە
پارتى و یه‌كێتى له‌ چاوه‌ڕوانى یه‌كتریدان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆى دواكه‌وتنى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ خولى به‌هاره‌ى په‌رله‌مانى كوردستان درێژكرایه‌وه‌ و ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتی_ش هۆكارى یه‌كلایینه‌كردنه‌وه‌ى ناوى كاندیده‌كانیان بۆ دواڕۆژ ئاشكراده‌كات.


له‌ دانیشتنى (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى حوزه‌یرانى 2019)دا په‌رله‌مانى كوردستان ته‌مه‌نى خولى به‌هاره‌ى تاوه‌كو 15ى ته‌مموزى 2019 درێژكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و ناوى كاندیدانیان راده‌ستى كاندیدى راسپێردراو بكه‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى (26ى حوزه‌یرانى 2019)ى نێوان وه‌فدى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان رێككه‌وتن خولى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ درێژبكرێته‌وه‌ تاوه‌كو لایه‌نه‌كان ناوى كاندیدەکانیان راده‌ستى مه‌سرور بارزانى، كاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حكومه‌ت بكه‌ن.

بۆ راده‌ستكردنى ناوى كاندیده‌كانین پارتى و یه‌كێتى له‌ چاوه‌ڕوانى یه‌كتریدان.

نورى حه‌مه‌عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى كاندیدانى پارتى بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان له‌لای ئه‌وان زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى بزانین كاندیدانى یه‌كێتى كێن، ناوى كاندیدانیان راده‌ستنه‌كردووه‌.

وتیشى: "لیژنه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى هه‌یه‌ بۆ كاندیده‌كان، ئه‌و لیژنه‌یه‌ ناوى كاندیدان ده‌خاته‌ به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تى پارتى و جه‌نابى سه‌رۆك، دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌گه‌ڵ كاك مه‌سرور قسه‌یان كردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ راده‌ستكردنى كاندیدانى پارتى له‌ئارادانییه‌".

به‌هۆى ئه‌وه‌ى هێشتا یه‌كێتى لەسەر پرسی دانانى پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ پارتی  نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆیه‌ ناوى كاندیدانیان راده‌ستى مه‌سرور بارزانى نه‌كردووه‌.

لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک و دانانى پارێزگارێكى كورد له‌ پشكى یه‌كێتى، حزبه‌كه‌یان بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ناکات و ناوى كاندیدانى راده‌ست ناكات.

درێژكردنه‌وه‌ى خولی یاسادانانی پەرلەمان، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى راسپارده‌كانى به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بدات بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى ناوى كاندیدان و تائێستا چه‌ند بۆچوونێكى له‌سه‌ر شێوازى یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى ناوى كاندیدان هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ى تائێستا یه‌كلایى كراوه‌ته‌وه‌، كاندیدانى پێكهاته‌كانى توركمان، مه‌سیحى و حزبى سۆسیالیسته‌.

توركمان و مه‌سیحییه‌كانى هه‌رێم، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ خاوه‌نى 10 كورسى كۆتاى په‌رله‌مانى كوردستانن و له‌ سه‌رجه‌م كابینه‌كانى هه‌رێم به‌شداریانكردووه‌، له‌ كابینه‌ى نۆیه‌م دوو وه‌زاره‌تیان پێده‌درێت، به‌جۆرێك مه‌سیحییه‌كانى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و توركمانیش وه‌زاره‌تێكى هه‌رێم_یان پێده‌درێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، كاندیدانى هه‌ردوو پێكهاته‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌ و بڕیاره‌ له‌و هه‌فته‌یه‌ راده‌ستى كاندیدى راسپێردراوى حكومه‌ت بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ كاندیدى حزبى سۆسیالیست، عه‌بدوڵاى حاجى مه‌حمود كاندیدى ئه‌و حزبه‌یه‌ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ناوه‌كه‌ى راده‌ستى كاندیدى راسپێردراو ده‌كرێت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌ دواڕۆژ دراوه‌، جگه‌ له‌ درێژكردنه‌وه‌ى خولى به‌هاره‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌، جارێكى دیکە پارتى بۆ راده‌ستكردنى ناوى كاندیدان له‌سه‌ر لایه‌نه‌كان راناوه‌سێت و "حكومه‌ت له‌ ١٢ی تەمموز پێكده‌هێندرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى وادەیە یاساییەكه‌ كۆتایى دێت و هیچ دەرفەتی چاوەڕوانی به‌ لایه‌نه‌كان نادرێت" وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس و ئاگادار باسیده‌كات.

له‌ 13ى حوزه‌یران مەسرور بارزانی کاندیدی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمەوە راسپێردرا، بەڵام هێشتا لایەنەکان سیڤیی کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتەکان پێشکەش نەکردووە، له‌كاتێكدا پێشتر به‌رپرسانى پارتى ئاماژه‌یان به‌وه‌ده‌كرد، كه‌ له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا كابینه‌ى نۆیه‌مى هه‌رێم پێكده‌هێندرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure