دادگای رەسافە بڕیاری ئەستۆپاکی رێبوار تاڵەبانی دەرکرد

هەواڵ / کوردستان :: 30/06/2019‌ :: 178‌ جار بینراوە
رێبوار تاڵەبانی

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دادگای رەسافە بڕیاری ئەستۆپاکی بۆ رێبوار تاڵەبانی دەرکرد لە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دژی تۆمارکرابوون.

سەرچاوەیەکی تایبەت (ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: دادگای ره‌سافه‌ له‌ به‌غدا بڕیاری به‌رائه‌ت و ئه‌ستۆپاكی رێبوار تاڵه‌بانی دا له‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی کە ئاراستەی کرابوون و بەتەواوەتیش دۆسیه‌کەیان داخست.

وتیشی: "بەپێی بڕیارەکە له‌مڕۆوه‌ ده‌توانێت كاروباره‌كانی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ فه‌رمی راییبكات".

لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەکالەت شارەکەی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە.

بەتۆمەتی وەرگرتنی ئیمتیازاتی سەرۆکی ئەنجومەنی هەمیشەیی کە نایاساییە دادوەری دەسپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد و دواتر بەشێوەی غیابی سزای 6 مانگ زیندانی بۆ دەرکرد و تەواوی دەسەڵاتەکانیشی لێوەرگیرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی دۆسیه‌کەوە رێبوار تاڵەبانی تەواوی ئەو پارانەی بە نایاسایی وەریگرتبو گەڕاندویه‌تیه‌وه‌ بۆ حکومەت و دواتریش تانەی لە سزاکە داوە و دۆسیه‌کەی لە کەرکوکەوە گواستراوەتەوە بۆ رەسافە.

لە سەرەتای ئەم مانگەش دوای ئامادەبونی رێبوار تاڵەبانی لە بەردەم دادگای رەسافە، فەرمانی دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشێندرایەوە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure