توركیا چه‌ند هێزێك له‌ كه‌ركوك دروست ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 29/06/2019‌ :: 8605‌ جار بینراوە
وێنەکە وەرگیراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابوردوودا ژماره‌یه‌ك گروپی چه‌كدار له‌لایه‌ن توركمانی كه‌ركوكه‌وه‌ دامه‌زرێندراون، له‌ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبی و كۆمپانیای ئه‌منی كه‌ قه‌باره‌یان هێنده‌ی سێ لیوای سه‌ربازیه‌، لێپرسراوێكی یه‌كێتیش ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئه‌و گروپانه‌ پاڵپشتی مادی و مه‌عنه‌وی له‌توركیاوه‌ وه‌رده‌گرن.


به‌پێی زانییاریه‌كانی دواڕۆژ، له‌ئێستادا سێ هێز بۆ توركمانه‌كانی كه‌ركوك له‌ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبیدا دروستكراون كه‌ دیارترینیان لیوای 16ی حه‌شدی توركمانییه‌وه‌ كه‌ له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی گروپی تیرۆریستی داعشه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و له‌ لایه‌ن (ئه‌بو سائیر به‌شیریه‌وه‌) فه‌رمانده‌یی ده‌كرێت كه‌ ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ سێ جێگره‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی ژوری ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك و هێزه‌كه‌شی به‌شدارن له‌به‌ڕێوه‌بردنی مه‌له‌فی ئه‌منی كه‌ركوك.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و هێزانه‌ی دامه‌زرێندراون له‌ ژێر ناوی (لیوای 15ی قه‌ڵغانی كه‌ركوك) كه‌ له‌ لایه‌ن لیوای خانه‌نشینكراو (تۆرهان عه‌بدولڕه‌حمان) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت كه‌ پێشتر جێگری فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كه‌ركوك بووه‌.

ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ بوونی هێزێكی زۆری چه‌كداری توركمان له‌ژێر ناوی كۆمپانیای ئه‌منی كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی دامه‌زراندنی پێدراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ هوشیار عه‌بدولڕه‌حمان لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و گروپانه‌ی بۆ توركمانه‌كان له‌ كه‌ركوك دامه‌زرێندراون له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و توركیاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی وتیشی: "له‌ئێستا كه‌ توركیا و ئێران رێگا ناده‌ن گۆڕانكاری له‌ دۆخی كه‌ركوك روبدات، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌ ژێر هه‌ژمونی ئه‌واندایه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: كه‌ ئه‌و گروپانه‌ مه‌ترسین بۆ ئاینده‌ی كه‌ركوك، چونكه‌ ئه‌وان كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دۆخه‌كه‌ ئاسایی نه‌بێته‌وه‌.

هوشیار عه‌بدولڕه‌حمان باسی له‌وه‌شكرد: توركیا به‌ درێژایی مێژوو رۆڵی خراپی بینیوه‌، له‌سه‌رده‌می سه‌دام حسێندا هه‌موو توركمانی به‌ نه‌وت ده‌فرۆشت و سیاسه‌تی ئێستاشی به‌و ئاڕاسته‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات له‌پێناو ئه‌وه‌ی رێگا نه‌دات توركمان ببێته‌ هاووڵاتیی عێراقی.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە