هێشتا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پله‌ تایبه‌ته‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن

هەواڵ / عێراق :: 29/06/2019‌ :: 193‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا
 
به‌پێى خشته‌ى دانیشتنه‌كه‌ى، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر پله‌ تایبه‌ته‌كانى كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بدات، په‌رله‌مانتارێكى كوردیش ئاشكرایده‌كات: لیستى ناوه‌ كاندیدكراوه‌كان كورد تیایدا نییه‌ یان زۆر كه‌مه‌ و هێشتاش لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌ پله‌ تایبه‌ته‌كان رێكنه‌كه‌وتوون.


دانا جه‌زا، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى پارتى (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هێشتا رێككه‌وتنى ته‌واو له‌سه‌ر ده‌نگدانى پله‌ تایبه‌ته‌كان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى زۆر هه‌یه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ وه‌ك دانیشتنى رابردووى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ نه‌كرێت و نیسابى یاسایى بشكێنرێت.

روونیشیكرده‌وه‌: هه‌ندێك كوتله‌ و قه‌واره‌ هه‌یه‌ خۆیان به‌ (مغدور) سته‌ملێكراو ده‌زانن، رێژه‌ى كورد له‌و پله‌ تایبه‌تانه‌دا نییه‌، یان زۆر كه‌مه‌، بۆیه‌ ده‌بێت شته‌كه‌ به‌ڕێككه‌وتن بێت و دادگه‌رى تیابێت، بۆیه‌ جارى پێشوو هه‌وڵماندا كه‌ نه‌ڕوات و ده‌نگى له‌سه‌ر نه‌درێت، ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێك بكرێت، رێژه‌ى كورد زیادبكرێت، یان هیچ نه‌بێت به‌ڵێنێكى جێبه‌جێكراوى تیابێت كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى تر ئه‌وانه‌ى كورده‌كانیش ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، له‌وانه‌یه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، بۆیه‌ ئێستا چاوه‌ڕێى دواقسه‌كردنین له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌، كه‌ هێشتا رێككه‌وتنى ته‌واو نه‌كراوه‌ له‌سه‌رى.

وتیشى: "ئه‌و ناوانه‌ى ئێستا له‌به‌رده‌ستن ناوى كۆنن، تازه‌نین، كوردیان زۆر به‌كه‌مى تیایه‌، پله‌تایبه‌ته‌كانى بیكارى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كه‌له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندان، ژماره‌یه‌كى زۆره‌ و كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌، بۆیه‌ پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ بابه‌تى سیاسییه‌ ئه‌وه‌نده‌ یاسایى نییه‌، ئه‌گینا زووتر چاره‌سه‌ر ده‌كرا، زۆرجار بابه‌ته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ ئاستێك، دواتر ده‌ستوه‌ردانى سیاسى ده‌كرێت و كاره‌كان له‌بارده‌چن".

دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان بڕیاربوو كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌هۆى ته‌واونه‌كردنى نیسابى یاساییه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ دواخراوه‌ و پێشبینى ده‌كرێت كاتژمێر 1ى نیوه‌ڕۆ له‌ ئه‌گه‌رى ته‌واوبوونى نیساب ده‌ستپێبكات.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure