"نه‌جمه‌دین كه‌ریم لیستێك بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ده‌كات"

هەواڵ / کوردستان :: 29/06/2019‌ :: 2622‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

به‌رپرسێكی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: نه‌جمه‌دین كه‌ریم سه‌رقاڵی ئاماده‌كاریه‌ بۆ دروستكردنی لیستێك به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و ده‌شڵێت: ئه‌و كاره‌ به‌ پاڵپشتی پارتی ئه‌نجامده‌دات.


جه‌نگی عزه‌دین، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌ حیزبیه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان (ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: زانیاریمان هه‌یه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ دروستكردنی لیستێك ده‌كات بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك لیستی حیزبه‌ كوردستانیه‌كان كه‌ پێشتر یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.

وتیشی: "له‌ پرسی پێكهێنانی ئه‌و لیسته‌دا پارتی پاڵپشتی له‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كات به‌مه‌به‌ستی زیانگه‌یاندن به‌ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی و به‌فیڕۆچونی ده‌نگی هاووڵاتیانی كورد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نوسسازه‌دا" ئه‌وه‌شى وت: "له‌پێشتریش بۆ هه‌موو حیزبه‌كان رونبووه‌ته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌یه‌كێتی حیزبه‌كانی دیكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كورسیه‌ك به‌ده‌ستبهێنن و ده‌نگه‌كانیان به‌فیڕۆچووه‌".

جه‌نگی عزه‌دین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ چه‌ند رۆژی رابوردوودا نه‌جمه‌دین كه‌ریم بانگهێشتی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكی كه‌ركوكی كردووه‌ بۆ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵیان كۆبووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك داوای له‌ لێپرسراوێكی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك كردووه‌ تاوه‌كو پشتیوانی له‌ پێكهێنانی لیسته‌كه‌ی بكات بۆ ئەوەی وه‌ها خۆی پیشان بدات كه‌ خه‌ڵكی له‌پشته‌وه‌یه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى راشیگه‌یاند: حكومه‌تی عێراق و عه‌ره‌ب و توركمانیش گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ كه‌ركوك قبوڵناكه‌ن، چونكه‌ بووه‌تە هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كان و  كۆمه‌ڵێك دۆسێی گه‌نده‌ڵیشی له‌سه‌ره‌ و له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌، ته‌نانه‌ت ده‌ستبه‌سه‌ركردنیشی له‌ به‌یروت هه‌ر به‌هۆی ئه‌و دۆسێیانه‌وه‌ بووه‌.

له‌لایه‌ن كۆمسیۆن و حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌ ئاماده‌كارى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ده‌كرێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆمسیۆن به‌ فه‌رمى پێشنیارێكى بۆ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ خستوه‌ته‌ڕوو و ته‌نها بڕیاردانى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ماوه‌.

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure