تۆمه‌تبارانى ده‌ستدرێژی كردنه‌سه‌ر كچ و دایكه‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن

هەواڵ / جیهان :: 29/06/2019‌ :: 2030‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

دوو تۆمه‌تبار له‌ ویلایه‌تى به‌هار-ى هندستان ده‌ستگیركران پاش سه‌ر سفركردنى دوو ئافره‌ت له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك پیاوه‌وه‌، به‌هۆى به‌رگریكردن و رێگه‌نه‌دان به‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ریان.


تۆمه‌تباران، كه‌ له‌نێویاندا به‌رپرسى ناوخۆیى هه‌یه‌، پێشتر په‌لامارى دایك و كچه‌كه‌یان له‌ناو ماڵه‌كه‌ى خۆیان دابوو به‌مه‌به‌ستى ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ریان، وه‌ك ئه‌وه‌ى پۆلیسى ئه‌و وڵاته‌ باسیده‌كات.

كاتێكیش دوو ئافره‌ته‌كه‌ به‌رگرى و رێگرییان له‌و نیازه‌ى تۆمه‌تباران كردووه‌، لێیانداون و سه‌ریان سفركردوون و تاڵه‌كانى قژیان به‌ گونده‌كه‌دا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى بى بى سى پۆلیس له‌ هه‌وڵ و گه‌ڕاندایه‌ بۆ ده‌ستگیركردنى پێنج كه‌سى تر كه‌ به‌شدارییان له‌و تاوانه‌دا كردووه‌.

دایكه‌كه‌ وتویه‌تى: "به‌ گۆچان لێدانێكى توندیان لێداوین. جێگاكه‌ى به‌سه‌ر جه‌سته‌ى خۆم و كچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌".

هه‌ردوكیشیان ئه‌وه‌یان وت كه‌ قژیان له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكى گونده‌كه‌دا تاشراوه‌.

به‌پێى گێڕانه‌وه‌كانى پۆلیس تۆمه‌تباران هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر ماڵه‌كه‌ و ویستویانه‌ ده‌ستدرێژى بكه‌نه‌سه‌ر كچه‌كه‌، دایكه‌كه‌ش له‌ رێلێگرتنیان به‌شدارى كردووه‌.

ئه‌مه‌ جارى یه‌كه‌م نییه‌ كه‌ رووداوى له‌و جۆره‌ له‌ ویلایه‌ته‌كه‌ رووده‌دات.

له‌ نیسانى رابردوو له‌ رێى تێزابه‌وه‌ په‌لامارى ئافره‌تێكى هه‌رزه‌كار درا كاتێك رێگرى له‌ هه‌وڵێكى ده‌ستدرێژى به‌كۆمه‌ڵى كرد.

نیگه‌رانى و ناڕه‌زایه‌تیه‌ میللییه‌كان له‌ هندستان به‌رزبوه‌وه‌ پاش ئه‌و رووداوى توندوتیژى سێكسییه‌ى له‌ ساڵى 2012 روویدا كه‌ تیایدا كچێكى خوێندكار رووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژى سێكسى به‌كۆمه‌ڵ بووه‌ و دواتریش بووه‌ هۆى مردنى كه‌ رووداوه‌كه‌ له‌ ئۆتۆمبێلێكى نه‌فه‌رهه‌ڵگر له‌ نیوده‌لهى پایته‌خت روویدا.

كێشه‌كه‌ جارێكى تر له‌ ساڵى 2018 سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌، پاش روودانى زنجیره‌یه‌ك ده‌ستدرێژى بۆ سه‌ر منداڵان، كه‌ ئه‌نجامده‌رانى به‌رپرسانى ئاست به‌رز بوون.

تائێستاش راپۆرته‌كان ده‌رباره‌ى ده‌ستدرێژى و توندوتیژى دژ به‌ ئافره‌ت له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى ئه‌و وڵاته‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure