ورده‌كاری كوشتنی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌سنوری کەرکوک

هەواڵ / کوردستان :: 28/06/2019‌ :: 2720‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

له‌سنوری ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر هاووڵاتیه‌كی دانیشتوی چه‌مچه‌ماڵ به‌كوژراوی له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆیدا دۆزرایه‌وه‌، پۆلیسیش ده‌ڵێت: "پێشتر كوژراوه‌ و خراوه‌ته‌ به‌شی دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆیه‌وه‌".


عه‌قید خه‌یروڵا عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی قه‌ره‌هه‌نجیر (ئه‌مڕۆ هه‌ینی 28ی حوزه‌یران) به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر رێگه‌ی قه‌ره‌وه‌یس ته‌رمی هاووڵاتیه‌ك به‌ناوی (عه‌باس محه‌مه‌د وه‌زیر) له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆیدا به‌كوژراوی دۆزراوه‌ته‌وه‌.

وتیشی: "به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان چه‌ند گوللەیەک نراوه‌ بە سنگیەوه‌ و پێده‌چێت له‌شوێنێكی دیكه‌ كوژرابێت چونكه‌ ته‌رمه‌كه‌ی خرابووه‌ به‌شی دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌ له‌جۆری پاتڕۆڵ نیسانی ژماره‌ هه‌ولێره‌ و تایه‌كانیشی قوڕێكی زۆریان پێوه‌یه‌".

ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی پۆلیس راشیگه‌یاند: گه‌نجه‌ كوژراوه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌یه‌كه‌ی حه‌فتا و هێشتا ته‌رمه‌كه‌ی پزیشكی دادوەری نه‌خۆشخانه‌ی ئازادیه‌ و به‌هۆی ته‌واونه‌بونی رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان نه‌دراوه‌ته‌وه‌ بە کەسوکارەکەی.

عه‌باس محه‌مه‌د وه‌زیر، خه‌ڵكی ناحیه‌ی له‌یلانی خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوكه‌، له‌دوای رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 شاره‌كه‌ی به‌ره‌و چه‌مچه‌ماڵ به‌جێهێشتووه‌، به‌وته‌ی هاوڕێكانی ناوبراو خێزانداربووه‌ و باوكی سێ منداڵه‌.

 

بڵاوکردنەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure