جیهان به‌كورتى: سه‌رى دوو ژن ده‌تاشرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌كاتى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریاندا به‌رگرییان كردووه‌

هەواڵ / جیهان :: 28/06/2019‌ :: 15803‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

بى بى سى – سه‌رى دوو ژن ده‌تاشرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌كاتى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریاندا به‌رگرییان كردووه‌
له‌ ویلایه‌تى بیهار له‌ هیندستان ژماره‌یه‌ك پیاو ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كچ و دایكێك و دواتر سه‌ریان ده‌تاشن، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌كاتى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریاندا به‌رگرییان كردووه‌.

پۆڵیتیكۆ – ماكرۆن داوا له‌ ترامپ ده‌كات دان به‌خۆداگربێت له‌گه‌ڵ ئێران
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2019) ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكى فره‌نسا له‌كاتى به‌ڕێكه‌وتنى بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى وڵاتانى گروپى 20 له‌ ئۆساكاى پایته‌ختى ژاپۆن رایگه‌یاند: "دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندى دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكى كۆریاى باكور دروستده‌كات كه‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمییه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه‌ ره‌قه‌ و دان به‌خۆداگر نییه‌".


گاردیان – ده‌لای لاما: دۆناڵد ترامپ بنه‌ماى ئه‌خلاقیى لاوازه‌
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2019) ده‌لاى لاما له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى بى بى سى بریتانى رایگه‌یاند: "دۆناڵد ترامپ بنه‌ماى ئه‌خلاقى لاوازه‌ و ئاره‌زوو ده‌كات سه‌رۆكى داهاتووى بودییه‌ تبتییه‌كان ژن بێت، به‌ڵام به‌ومه‌رجه‌ى جوان بێت".



زه‌ لۆكاڵ – به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌ى ئه‌وروپاى گرتووه‌ته‌وه‌ باشورى فره‌نسا به‌رزترین پله‌ى گه‌رمى تۆمار ده‌كات
 (رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2019) شاره‌كانى باشورى فره‌نسا به‌رزترین پله‌ى گه‌رمییان تۆماركرد و ره‌نگیان له‌ پرته‌قاڵییه‌وه‌ گۆڕا بۆ سور، ئه‌وه‌ش وایكرد هۆشدارى به‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوبكرێته‌وەو ئاگایان له‌خۆیان بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ ته‌ندروستییان زۆر باشه‌، پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌مڕۆ (هه‌ینى 28ى حوزه‌یرانى 2019) پله‌كانى گه‌رما له‌و ناوچانه‌ بۆ سه‌روو 40 پله‌ى سه‌دى به‌رزبێته‌وه‌".


ئه‌سرار میدیا – بارودۆخى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ته‌قینه‌وه‌دایه‌
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2019)  ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكى روسیا له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى (فاینانشڵ تایمز) ئاشكرایكرد: "بارودۆخى جیهان به‌تایبه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌باشیدا نییه‌ و زۆریش خراپه‌ و له‌ته‌قینه‌وه‌دایه‌".


میدڵ ئیست مۆنیته‌ر – سه‌رۆكى ناتۆ: كۆبوونه‌وه‌ى ترامپ و ئه‌ردۆغان به‌ره‌وپێشچوونێك له‌ كڕینى سیستمى به‌رگریى موشه‌كى S400 به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2019) یێنس ستۆڵتنبێرگ سه‌رۆكى ناتۆ رایگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌ى نێوان دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا له‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى وڵاتانى گروپى 20 كه‌ له‌ ئۆساكاى پایته‌ختى ژاپۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى مه‌سه‌له‌ى كڕینى سیستمى به‌رگریى موشه‌كى S400ى روسی له‌لایه‌ن توركیاوه‌".


ئه‌سرار میدیا – ئاشكرابوونى مه‌رجى ئێران بۆ ده‌ستپێكردنى دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یرانى 2019) به‌رپرسێكى باڵاى ئێران كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ به‌ سایتى رۆیته‌رزى راگه‌یاندووه‌: "وڵاته‌كه‌ى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نییه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بكات تا ئه‌وكاته‌ى ئه‌مریكا ئاگربه‌ستى جه‌نگى ئابوورى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات".

ئه‌سرار میدیا – ئه‌وروپا گڕده‌گرێت.. به‌هۆى گه‌رماوه‌ قیر و هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانى ئه‌ڵمانیا ده‌توێنه‌وه‌ 
به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆلى گارمایه‌ى رووى له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا كردووه‌ كه‌ له‌مێژوودا وێنه‌ى نییه‌، وایكردووه‌ حكومه‌ت هۆشدارى بڵاوبكاته‌وه‌ و رێوشوێنى پێویست بگرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ له‌ مردن و حاڵه‌تى ترى به‌په‌له‌ بگرن، حكومه‌تى ئه‌ڵمانیا له‌وباره‌یه‌وه‌ داواى له‌ شۆفێران كردووه‌ خێراییه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال 
پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە