عەرەبی كەركوك یۆنامی بە پشتگیریکردن لە کورد تۆمه‌تبار دەكات

هەواڵ / عێراق :: 27/06/2019‌ :: 239‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

پێکهاتەی عەرەبی کەرکوک نێرده‌ى گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق بەوە تۆمه‌تبار ده‌كات كە پشتگیری لە کوردی ئەو شارە کردووە و نەیتوانیوە وەک چاودێرێکی نیودەوڵەتی بێلایەنیی خۆی بپارێزێت.


رۆژنامەی شەرقولئەوسەت له‌سه‌ر زارى حاتەم ئەلتائی، وتەبێژ بەناوی پێکهاتە عەرەبەکانی کەرکوک رایگه‌یاند: "چوار مانگ پێش ئێستا بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لیژنەیەک پێکهێنرا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە".

بەوتەی ئەلتائی، لە دانیشتنی رۆژى سێشه‌ممه‌ كە لە بەغدا ئەنجامدرا سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پێکهاتەی کورد و تورکمان و عەرەبەکان لە کەرکوک، جنین هێنس نێرده‌ى گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق پشتگیری لە کوردەکان کردووە و نەیتوانیوە بێلایەنی خۆی وەک چاودێرێک بپارێزێت.

هەر لەدرێژەی قسەكانیدا وتەبێژی عەرەبی كەركوك وتی: "لەكۆبوونەوەكەدا ناچار نوێنەری پێکهاتەی عەرەبەکان، کە بریتی بوون لە پەرلەمانتار محەمەد تەمیم و خالید ئەلمەفڕەجی دانیشتنەکەیان جێهێشتووە".

وتیشی: "کوردەکانی کەرکوک دەیانەوێت هێزی پێشمەرگەی کورستان وەک جاران بگەڕێتەوە شارەکە و دۆسیەی ئەمنی-ش بگەڕێتەوە دەستیان، بەڵام پێکهاتەی عەرەب و تورکمانەکان ئەوە رەتدەکەنەوە و پێیانوایە باشترین چارەسەر، ئەوەیە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و حکومەتی عێراق دەسەڵاتی لە شارەکە هەبێت".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە سەرباری ئەوەی نوێنەری پێکهاتەی عەرەبەکان ئەو کۆبوونەوەیەیان جێهێشتووە، خالید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و نوێنەری پێکهاتەی کوردەکان لە بەیاننامەیەکدا وتویەتی: "دانوستانەکان گەیشتۆتە قۆناغێک و دەتواندرێت بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت".

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure