چوار کەس بە زیاتر لە سێ هەزار دۆلاری ساختەوە دەستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 27/06/2019‌ :: 1217‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین لە قەڵادزێ باندێکی ساختەکردن و ساغکردنەوەی پارەیان دەستگیرکرد کە بڕی 3400 دۆلاری ساختەیان پێگیراوە و لە بازاڕی قەزاکەش بڕی 500 دۆلاری ساختەیان ساغکردبووەوە.


شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: هەفتەی رابوردوو زانیاری گەیشتە دەست هێزەکانی پۆلیس كه‌ له‌ بازاڕی قه‌ڵادزێ مامه‌ڵه‌ به‌ پاره‌ی ساخته‌وه‌ كراوه‌، پاشان پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی پشده‌ر ده‌ستیكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و لە ماوەی دوو رۆژی رابوردوو توانرا باندێك لەسەر ئەو تۆمەتە دەستگیربکەن.

وتیشی: "باندەکە پێکهاتوون لە چوار کەس کە لەکاتی دەستگیرکردنیان بڕی 3400 دۆلاری ساخته‌یان پێبووه‌، هاوکات بڕی 500 دۆلاری ساختەشیان لە بازاڕ ساغکردبۆوە، دواتر پۆلیس توانی بڕی 100 دۆلاری ساختە لە بازاڕدا بدۆزێتەوە کە ئەو باندە ساغیان کردبۆوە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشکرد: تۆمەتبارەکان لە رەگەزی نێرن و لە ئێستادا بە گوێرەی مادده‌ی 281  لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure