رۆژنامەیەكی عێراقی بیره‌وەرییەكانی فاروق مەلا مستەفا بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/06/2019‌ :: 1449‌ جار بینراوە
فاروق مەلا مستەفا

دواڕۆژ

رۆژنامەی (سەباح ئەلجەدید)ی عێراقی سەربەخۆ كتێبی "بیرەوەرییەكانم"ی فاروق مەلا مستەفا، سه‌رمایه‌دارى نیشتیمانى بڵاودەكاتەوە كە باس لە مێژووی خەباتی سیاسی چەپەكانی كوردستان و عێراق دەكات لە چەند دەیەی سەدەی رابوردوو.


رۆژنامە عێراقییەكە لەڕێگەی 20 ئەڵقەوە رۆژانی یەكشەممە و سێشەممە و پێنجشەممان لەدوو توێی لاپەڕەكانیدا كتێبەكە بەخوێنەرانی دەناسێنێت.

رۆژنامەكە لە پێشەكییەكەیدا نووسیوێتی: "بەڕێز فاروق مەلا مستەفا یەكێكە لە ئایكۆنە دیارەكانی تێكۆشان لەبواری ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و كارەكتەرێكی درەوشاوەی كاركردن بووە لەپێناوی عێراقێكی دیموكراسی گەشاوەدا".

هەر لەپێشەكییەكەدا ئەوەش نوسراوە: لەو خەسڵەتە گرنگانەی فاروق مەلا مستەفای پێجیاكراوەتەوە، ئەوەیە متمانەی جیهانی پیشەسازی بۆ خۆی بەدەستهێناوە و ئەوەش بواری بۆ رەخساندووە لە كایەكانی دیكەشدا وەبەرهێنان بكات لە وێنەی بنیاتنانی نەخۆشخانەی گەورە و زانكۆی پزیشكی ناوازە و تایبەت، كە بۆ ئەمڕۆ بۆ هەموومان گرنگە.

"فاروق مەلا مستەفا بووەتەهۆی رزگاركردنی چەندین كارگە لە لەناوچوون لەهەرێمی كوردستان وەك دامەزراوە و كارگەی چیمەنتۆ كە هۆكار بووە بۆ دۆزینەوەی سەدان هەلی كار بۆ هاوڵاتیان" وەك لەپێشەكی رۆژنامەكەدا نوسراوە.

رۆژنامەی عێراق ئەلجەدید لەدرێژەی پێشەكییەكەیدا هیوایخواستووە خوێنەر سوود لەو ئەزموونانە وەربگرێت كە فاروق مەلا مستەفا پێیدا تێپەڕیوە.

بەرگی یەكەمی كتێبی "بیرەوەرییەكانم" لە نوسینی فاروق مەلا مستەفا له‌ 1ی نیسانی 2017 بڵاوكرایه‌وه‌ و له‌ چەندین كتێبخانه‌ی هەرێمی كوردستان ده‌ستده‌كه‌وێت.

لە كتێبی "بیرەوەرییەكانم"دا فاروق مەلا مستەفا بیرەوەرییەكانی ژیانی خۆی باسكردووە لە منداڵی و پێكهاتەی خێزانەكەیەوە تا دەگاتە پڕۆسەی خوێندنی و كاری حزبی و پێشمەرگایەتی و روداوەكانی دواتر له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان. 

كتێبه‌كه‌ 472 لاپەڕەیە و بەتیراژی 5000 هەزار دانە لەلایەن دەزگای دواڕۆژ بۆ روناكبیریی و راگەیاندنەوە چاپكراوە و خوێنه‌رانیش ده‌توانن بێ به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستی بێنن. بۆ داگرتن و خوێندنه‌وه‌ى به‌ زمانى كوردى یان عه‌ره‌بى كلیك لێره‌ بكه‌.

ئا: ئارام غەفور
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure