"په‌رله‌مانى عێراق ناكۆكى تێكه‌وت"

هەواڵ / عێراق :: 27/06/2019‌ :: 1632‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، بەغدا


كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26ى حوزەیران، په‌رله‌مانى عێراق بۆ كاتژمێر 12 دواخرا، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا ده‌نگ به‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ده‌درێت"، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاشكرایده‌كات: دانیشتنه‌كه‌ به‌هۆى ناكۆكى لایه‌نه‌كانه‌وه‌ دواخراوه‌.


بڕیاربوو كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌مه‌به‌ستى ده‌نگدان له‌سه‌ر كاندیدى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و چه‌ند پۆستێكى باڵاى حكومى به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام ده‌نگدانه‌كه‌ دواخرا بۆ كاتژمێر 12.

شێروان دووبه‌ردانى، ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا، ده‌نگ به‌ كاندیدیى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ده‌درێت".

وتیشى: "ناوى ئەو كاندیدانه‌ى كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌ باڵاكان كه‌ به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن له‌ ئێستادا ناردونیه‌تیه‌ په‌رله‌مان، پێناچێت ئه‌مڕۆ ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت، چونكه‌ كێشه‌ى له‌سه‌ره‌".

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كى تر  له‌ په‌رله‌مانى عێراق كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "بڕیاربوو دانیشتنى په‌رله‌مان كاتژمێر 11 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام له‌به‌ر ناكۆكى لایه‌نه‌كان و ئاماده‌نه‌بوونی په‌رله‌مانتاران له‌ هۆڵى دانیشتنه‌كه‌، دانیشتنه‌كه‌ كاتژمێرێك دواخرا و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ زیاتر دوابكه‌وێت".

ئێواره‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ناوى چه‌ند كه‌سێكى نارده‌ په‌رله‌مان بۆ پڕكردنه‌وه‌ى چه‌ند پۆستێكى باڵای حكومى.

داڕشتنەوە: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure