دوو ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن فڕۆکەكانی تورکیاوه‌ بۆردومانكران

هەواڵ / کوردستان :: 26/06/2019‌ :: 704‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد رابی

فڕۆکەکانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلیان لە گوندی بۆڵێ بۆردومانکرد و تائێستاش نازانرێت چەند کەس بونه‌ته‌ قوربانى.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان (ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانى 2019) بە دواڕۆژی وت: "دوای کاتژمێر 5:20 خوله‌كى ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا بۆ یەکەمجار بۆردومانی گوندی بۆڵێ-یان کرد کە ژمارەیەک رەوەند و کۆچەر لە نزیک گوندەکە نیشته‌جێبوون و دوو ئۆتۆمبێلیشان بۆردمانکرد و دوو ئۆتۆمبێلی دیکەش خۆیان دەربازکرد".

رونیشیکردەوە: "تائێستا زانیاری ئەوە نیە کە کێ و چەند کەس لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلانە بوون و به‌هۆى بۆردومانه‌كه‌شه‌وه‌ هاووڵاتیان ناتوانن بچنە ناوچه‌كه‌".

لەلایەکی دیکەوە جەلال عوزێر‌، موختاری گوندە سنورییەکان بۆ دواڕۆژ وتی: "هیچ جارێک تورکیا بۆردومانی گوندی بۆڵێی نەکردووە، نازانین چۆنە تورکیا ئەو گوندەی بۆردومانکردووە، ئەو گوندە دوو سێ ماڵی تێدان، بەڵام ماوەیەکە ژمارەیەک رەوەند و کۆچەری دەشتێ هەریر لەوێ نیشتەجێبوون".

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دواڕۆژ پەیوەندیکرد بە ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure