مه‌رگى په‌نابه‌رێك و كچه‌ منداڵه‌كه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 26/06/2019‌ :: 394‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ى ته‌رمى په‌نابه‌رێك و كچه‌ منداڵه‌كه‌ى له‌سه‌ر سنوورى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان شه‌پۆلێكى گه‌وره‌ى ره‌خنه‌ و رق و نه‌فره‌تى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا درووستكردوه‌.


له‌ وێنه‌كه‌دا پیاوێك و كچێكى 2 ساڵ به‌ خنكاوى له‌ قه‌راخ رووبارێكدا ده‌بینرێن كه‌ ده‌گوترێت سیلڤادۆرین و به‌نیازبوون وه‌ك په‌نابه‌ر روو له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن.

هاوسه‌رى پیاوه‌ خنكاوه‌كه‌ و دایكى كچه‌ 2 ساڵه‌كه‌ ده‌ڵێت: مێرد و كچه‌كه‌ى له‌ ناوچه‌یه‌كى سنوورى نێوان مه‌كسیك و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كاتێك كه‌ خێزانه‌كه‌ ویستویانه‌ له‌ رووبارى ریوگراند بپه‌ڕنه‌وه‌.

به‌پێى گێڕانه‌وه‌كانى ئه‌و باوكه‌كه‌ كچه‌كه‌ى خستوه‌ته‌ كۆڵى و په‌ڕاندویه‌تیه‌وه‌ و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ تا هاوسه‌ره‌كه‌شى بپه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام كچه‌كه‌ى دواى ده‌كه‌وێت و ده‌كه‌وێته‌ رووباره‌كه‌وه‌، باوكیشى بۆ رزگاركردنى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و سه‌رئه‌نجام هه‌ردووكیان ده‌خنكێن.

ئه‌م خێزانه‌ سێ كه‌سییه‌ سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى ئه‌مساڵ وڵاته‌كه‌ى خۆیان جێهێشت و روویان كرده‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك په‌نابه‌ر درێژه‌ به‌ ژیان بده‌ن.

بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م وێنه‌یه‌ مه‌رگى كاره‌ساتبارى ئالان كوردى له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاستدا به‌بیر هێنایه‌وه‌ كه‌ ساڵى 2015 ته‌رمه‌كه‌ى له‌ به‌نده‌رێكى توركیادا دۆزرایه‌وه‌.

مردنى ئه‌م دوو په‌نابه‌ره‌ بووه‌ته‌ مایه‌ى رق و تووڕه‌بوونێكى گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كۆچبه‌ران، و خودى دۆناڵد ترامپ به‌ به‌رپرسیارى مردنى ئه‌م دوو مرۆڤه‌ ده‌زانن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure