مردنى پزیشكێكى هه‌رێم ده‌بێته‌ خه‌مێكى گشتى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 47607‌ جار بینراوە
شه‌ونم ئه‌حمه‌د وه‌یس

دواڕۆژ، دهۆك

مردنى دكتۆره‌ شه‌ونم بۆ به‌شێك له‌ خه‌ڵكى دهۆك بووه‌ كۆستێكى گشتى، چونكه‌ جگه‌ له‌ خزمه‌تكردنیان له‌ رووى پزیشكى هاوكاریكردنى هه‌ژارانیشى كردبووه‌ پیشه‌ى خۆى.


شه‌ونم ئه‌حمه‌د وه‌یس، ساڵى 1965 له شارى به‌غدا له‌ خێزانێكى كه‌ركوكى له‌دایكبووه‌، له‌ ساڵى 1988 له‌ زانكۆى موسڵ بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسى له‌ پزیشكى گشتى به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئه‌و، كه‌ هاوسه‌ردار و خاوه‌نى كوڕێك و دوو كچ بوو، به‌هۆى بارودۆخى سیاسى و ئاڵۆزى كه‌ركوك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌ى و له‌ ساڵى 1997ه‌وه‌ له‌ دهۆك وه‌ك مامۆستا له‌ كۆلێجى پزیشكى وانه‌ى وتوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا تایبه‌تمه‌ندى نه‌خۆشیه‌كانى ژنان و منداڵبوون بووه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئازادى و منداڵبوون ده‌وامى ده‌كرد.

خولیاى پیشه‌كه‌ى خۆى بوو
د. چنار مسته‌فا ئامێدى، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى له‌دایكبوون له‌ دهۆك بۆ دواڕۆژ وتى: له‌هه‌ر كات و دۆخێك بوایه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێك پێویستى به‌ دكتۆره‌ شه‌و‌نم بوایه، ئه‌و‌ ده‌هاته‌ نه‌خۆشخانه‌ و یارمه‌تى ده‌دا، چونكه‌ زۆر حه‌زى له‌كارى خۆى بووه‌. ‌

بڕیاروابوو رۆژى سێشه‌ممه‌  25ى ئه‌م مانگه‌ له‌ شارى ڤیه‌نناى پایته‌ختى نه‌مسا، د. شه‌ونم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پزیشكى دیكه‌ به‌شداربن له‌ كۆنفرانسێكى زانستى سه‌باره‌ت نه‌خۆشى ژنان كه‌ ساڵانه‌ له‌و شاره‌ به‌رێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام به‌ر له‌ به‌شداریكردن مه‌رگ رێگه‌ى پێده‌گرێت.

محه‌مه‌د حسێن، ئامۆزاى ئه‌و پزیشكه‌ ده‌رباره‌ى كۆچى دوایى له‌سه‌ر زارى پزیشكێكى یاوه‌رییه‌وه‌ وتى: شه‌وى دووشه‌ممه‌ هه‌ستى به‌ ژانه‌ سه‌رى كردووه‌، به‌ڵام ئاسایى ده‌ركه‌وتووه‌، تا ئه‌وكاته‌ى سبه‌ى له‌ چاوه‌ڕوانى له‌خه‌وهه‌ڵسانى بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ناو جێگه‌كه‌یدا به‌ جه‌ڵده‌ى دڵ گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

هاوكاریكردنى هه‌ژاران
محه‌مه‌د حسێن بۆ دواڕۆژ وتیشى: "د. شه‌ونم خه‌ڵكى دهۆكى زۆر خۆشده‌ویست و زۆر هاوكارى خێزانى هه‌ژارى ده‌كرد، ئه‌وه‌ى من پێى ئاگاداربووم مانگانه‌ مووچه‌ى به‌ 10 خێزانى هه‌ژار ده‌دا".
ئه‌وه‌شى باسكرد كه‌ بۆ هاوكارى هه‌ر كه‌سێك یه‌كه‌م پرسیارى ئه‌وه‌ بوو، ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ژاره‌ یان نا؟ "چونكه‌ دڵى هیچ كه‌سێكى نه‌ده‌شكاند".

شوێنى له‌دایكبوونى له‌یادناكه‌ن
ئامۆزاكه‌ى د. شه‌ونم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌پێى رێكاره‌كان ره‌نگه‌ رۆژى 28ى ئه‌م مانگه‌ ته‌رمه‌كه‌ى بگاته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌پێى بڕیارى هاوسه‌ر و كه‌سوكاره‌كه‌شى ته‌رمه‌كه‌ى له‌ دهۆك به‌خاكده‌سپێردرێت و له‌ كه‌ركوك پرسه‌ى بۆ داده‌نێن.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure