پارێزگارێكى دیكه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى دورخرایه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 26/06/2019‌ :: 214‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى زیقار بڕیارى ده‌ستپێكێشانه‌وه‌ى پارێزگارى شاره‌كه‌ى ده‌ركرد كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م حاڵه‌تى له‌و جۆره‌یه‌ له‌ پارێزگاكانى عێراق له‌ماوه‌ى ته‌نها ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا.


سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى زیقار (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن كۆمه‌ڵێك پرسیارى ئاراسته‌ى یه‌حیا ناسڕى-ى پارێزگار كردبوو، پارێزگار وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى به‌شێوه‌ى نوسراو ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌ن كرد.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، وتیشى: "پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌ن تاوتوێى وه‌ڵامه‌كانى كرد و به‌زۆرینه‌ ده‌نگ ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه‌ وه‌ڵامه‌كان بڕواپێكه‌ر نیه‌". ئه‌وه‌شى وت: "پاش نیوه‌ڕۆ جارێكى تر ئه‌نجومه‌ن كۆبوه‌وه‌ و بڕیارى ده‌ستپێكێشانه‌وه‌ى پارێزگارى ده‌ركرد".

به‌پێى وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ پرسیاره‌كانى ئه‌نجومه‌ن په‌یوه‌ست بوون به‌ گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌ڕێوه‌بردنى كارگێڕى و به‌هه‌ده‌ردانى دارایى.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: پرسیاره‌كان په‌یوه‌ست بوون به‌ كه‌نده‌لى خراپ به‌ڕێوه‌بردنى كارگێرى و به‌هه‌ده‌ردانى دارایى بووه‌

دووشه‌ممه‌ى رابردووش 24ى حوزه‌یران ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیوانییه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری ده‌ستپێكێشانه‌وه‌ى بۆ پارێزگارى شاره‌كه‌ ده‌ركرد ‌و جێگره‌كانی به‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی راسپارد.

زوحا ره‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیوانییه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌ن له‌ دانیشتنه‌كه‌یدا بڕیارى ده‌ستپێكێشانه‌وه‌ى بۆ سامی حه‌سناوی پارێزگاری دیوانییه‌ داوه‌ ‌و له‌كاره‌كانی راگیراوه‌، تا ئه‌وكاته‌ى لێپرسینه‌وه‌ لێى كۆتایی دێن و سكاڵاكانی له‌ دادگا و ئه‌نجومه‌نی بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بووه‌، چونكه‌ پارێزگار داوای مۆڵه‌تی نه‌خۆشی كردووه‌، له‌كاتێكدا كه‌ پارێزگار نه‌خۆش نه‌بووه‌، نه‌ڕۆیشتووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌.

پێشتریش ده‌ستپێكێشانه‌وه‌ بۆ پارێزگاره‌كانى كه‌ربه‌لا و موسڵ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى جۆراوجۆر ده‌ركران.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure