لەسەر هاتنەوەی پارەی زۆری ئاو روونكردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 26/06/2019‌ :: 3247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عزیز


بەهۆی هەبوونی کێشەو پێوەری ئاو، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم چەند ڕێنماییەكی بۆ هاوبەشان خستەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی 6ی 2019 مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەندین ڕێنمایی بۆ هاوبەشانی ئاو خستەڕوو كە بەهۆی كەمیی ئاو و بەستنی پێوەرەوە چەندین گرفتی جۆراوجۆر بۆ هاووڵاتیان دروستبووە.

مەسعود كاڕەش وتی: "بەمەبەستی نەهێشتنی جیاوازی لەهاتنەوەی پارەی ئاو و دابەشكردنی، پێوەری ئاویان داناوە كە لەسەرەتای ساڵی 2019 دەستیان پێكردووە و پڕۆسەكەش لەلایەن سێ‌ كۆمپانیاوە بەڕیوەدەبرێت كە ئیشەكەیان تەنیا پارە كۆكردنەوەیە و 500 هەلی كاریان بۆ لاوانی كورد لەسەرجەم شارەكان ڕەخساندووە".
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم وتیشی: "لەماوەی دەستبەكاربوونی پێوەری ئاو چەندین ژمارەی جۆراوجۆر بۆ هاوبەشانی ئاو گەڕاوەتەوە و لەنێوانیشیانداهەیە كە بڕی سێ ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا بۆ چارەسەری گرفتی هاتنەوەی پارەی زۆر، هاووڵاتی دەتوانێت سەردانی بەڕیوەبەرایەتییەكان بكات، دەڵێت: "هۆكاری هاتنەوەی پارەی زۆر لەلایەن بەشێك لە هاوبەشانەوە بۆ بەكارهێنانی ئاوی زۆر دەگەڕێتەوە".

بەپێی ئەو داتایانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو خستوویەتییەڕوو، لەكۆی 800 هەزار هاوبەشی ئاو، نزیكەی هەزار هاوبەش بڕی (3) ملیۆن دیناریان بۆ هاتووەتەوە، 374 هاوبەشیش بڕی 3 ملیۆن دیاریان بۆ هاتوتەوە و 2 هەزارو 733 هاووڵاتی لەنێوان 500 هەزار تا یەك ملیۆن دیناریان بۆ هاتووەتەوە و لەكۆی 9 هەزارو 448 هاوبەشی ئاو لەنێوان 250 هەزار دینار تاوەكو 500 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.

مەسعود كاڕەش ئاماژەی بەوەشكرد: كە ڕۆژانە دوو ملیۆن مەتر دووجا ئاوی پاك بۆ سەرانسەری كوردستان دابین دەكەن و كاتێكیش كێشە دروستدەبێت، بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوی زۆرەوەیە.

لە كۆتایی قسەكانیدا مەسعود كاڕەش وتی: "بەهۆی دانانی پێوەری ئاو خەرجی تۆڕەكانی ئاو و كلۆر و كارەبا كەمتر بووەتەوە و بەردەوامیش دەبین لەتەواوكردنی پڕۆسەی بەستنی پێوەر بۆ ماڵان و ئەوەیشی نەیبەستێ‌ توشی سزای دارایی دەبێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure