جیهان بە کورتی: پێش 30 چرکە لە لەدایکبوونی منداڵەکەیان هاوسەرگیریان کرد

هەواڵ / جیهان :: 26/06/2019‌ :: 2743‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئینساید ئیدشن- پێش 30 چرکە لە لەدایکبوونی منداڵەکەیان هاوسەرگیری دەکەن
گەورەترین بۆنەی ژیانی مایکل گالاردۆ و ماری مارگریتۆندۆ لە ماوەی 30 چرکە ڕوویدا، چونکە هاوسەرگیریان کرد و ڕاستەوخۆ منداڵەکەیان بوو، ئەم دوو هاوسەرە پلانیان بۆ ئاهەنگەکەیان دانابوو، بەڵام منداڵەکەیان پێش سێ هەفتە لە کاتی خۆی لەدایکبوو، هەربۆیە بڕیاریاندا بەزووترین کات هاوسەرگیری بکەن.


ئەسرار میدیا- پاش ئەوەی لە ژنەکەی جیابووەوە...بوکەڵەیەکی سێکسی دەکڕێت
پاش 35 ساڵ هاوسەرگیری ژنێک بڕیاریدا لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە، لەبەرامبەردا هاوسەرەکەی پەیوەندی بە فڕۆشگای Hush Hushی تایبەت بە دروستکردنی بوکەڵەی سێکسییەوە کرد، بۆ ئەوەی بوکەڵەیەک لەسەر شێوەی هاوسەرەکەی بۆ دروست بکەن.


ئەسرار میدیا-ماڵپەڕێکی ئیسڕائیلی جەنگێک ئاشکرا دەکات یەکەمجارە لە مێژوودا لە نێوان ئەمریکا و ئێران رووبدات
رۆژی سێشەممە ماڵپەڕێکی عیبری ئاشکرایکرد چەندین جەنگی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەلیکترۆنی کە پێیدەوترێت جەنگی سایبەر لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە.

 

سی ئین ئێن- هێزەکانی سعودیە بە دە خولەک ئەمیرێکی داعش لە یەمەن دەستگیردەکەن
هێزێکی تایبەتی سعودی لە یەمەن لە پڕۆسەیەکی 10 خولەکیدا ئەبو ئوسامە موهاجر ئەمیری داعش لە عێراق و شام و چەند شوێنکەوتوویەکیان دەستگیرکرد.


سپوتنیک-نیکاراگوا 4 پیاوی عەرەبی سەر بە داعش دەستگیر دەکات کە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە وڵاتەکەوە
رۆژی چوارشەمە پۆلیسی نیکاراگوا چەند کەسێکی عێراقی و میسریان دەستگیرکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە وڵاتەکەوە و گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پەیوەندیان بە رێکخراوی داعشەوە هەبێت.


ئەلبەیان- "لێکترازان" لە ناو داعش ڕوودەدات
دوێنێ شانەی هەڵۆی هەواڵگری ئاشکرایکرد لەڕووی دەمارگیری بیرەوەری و پەیڕەویکردنی ئیبراهیم سامەرائی ناسراو بە (بەغدادی) لێکترازان و دابەشبوون لە نێوان ئەندامە عەرەب و بیانییەکانی داعش هەیە.


ئاژانسی ئیخباریە- ترامپ وتەبێژی پێشووی هاوسەرەکەی لە پۆستی وتەبێژی کۆشکی سپی دادەنێت
ڕۆژی سێشەممە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ستیفانی گریشامی وتەبێژی میلانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمریکای لە پۆستی کۆشکی سپی دانا، واتا لەجیاتی سارە ساندەرز.


رەئی ئەلیەوم- حوسییەکان بە فڕۆکەی بۆمبڕێژی "کەی تو" هێرشیانکردە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها و جازان لە سعودیە
هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سعودیە توانیان فڕۆکەیەک بخەنە خوارەوە کە حوسییەکان ئاڕاستەی ناوچەیەکی سیڤیل-یان ناردبوو.


رەئی ئەلیەوم-کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی ڕوسیا و ئەمریکا و ئیسڕائیل لە تەلئەبیب...لەبەرامبەر چیدا ئێران لە سوریا دەربکرێت؟... باتروشیف لە تەلئەبیب ستایشی ئێران دەکات، ئایا مۆسکۆ داوای هاریکاری دەکات بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەکەی ئیدلیب؟ نەتنیاهۆ دەیەوێت سوریا وڵاتێکی سەقامگیر و سەلامەت بێت
رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە تەلئەبیب لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا و ئیسڕائیل روویدا و باری سوریای کردە بابەتی سەرەکی، تیایدا باسیان لە داهاتوو و چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە کێشەکانی سوریا کرد.


رەئی ئەلیەوم- مەغریب بە فەرمی ئاشکرای دەکات بەشداری لە کۆنگرەی مەنامە دەکات، پاش ئەوەی بەحرەین و ئەمریکا بانگێشتیان کرد
ئەمڕۆ مەغریب ئاشکرایکرد بەشداری لە کۆنگرەکەی بەحرەین دەکات لەژێر ناونیشانی "وەرشەیەک بۆ بوژانەوە لە پێناو ئاشتیدا" کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.


ئەلعەرەبی-رۆحانی و ماکرۆن جەختیان لەسەر گرنگی رزگارکردنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی ناوچەکە کرد
رۆژی سێشەممە لەرێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، حەسەن روحانی سەرۆکی ئێران و ئیمانویل ماکرۆنی سەرۆکی فرەنسا جەختیان لەسەر گرنگی رزگارکردنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی بارگرژیەکەی ناوچەی کەنداو کرد.


روسیا ئەلیەوم-عێراق رێ بە ئەمریکا نادات لە خاکەکەیەوە هێرش بکاتە سەر ئێران
بەغداد رێگە بە واشنتۆن نادات بنکە سەربازییەکەی لە عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق دەڵێت: "نامانەوێت خاکەکەمان وەک ناوچەیەک بۆ دژایەتیکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، وەک ئێران".


بزنز ئینسایدەر-دۆزەخ بەڕێوەیە: ڕۆژئاوای ئەوروپا خۆی ئامادە دەکات بۆ گەرمترین شەپۆلی گەرما کە لە ساڵی 2003وە بووە هۆی کوشتنی 15.000 کەس لە فرەنسا
رۆژئاوای ئەوروپا خۆی ئامادە دەکات بۆ شەپۆلێکی گەرمای بەتین و مەترسیدار و کوشندە، چونکە پلەی گەرمی دەگاتە 40 پلەی سەدی و پێشبینی دەکرێت لە فرەنسا و ئیسپانیا و پورتوگال پلەکانی گەرمی بگاتە ئاستێکی مەترسیدار.


ئۆریگۆن- رۆن وایدن: ئەگەر ترامپ ڕاپۆرت لەسەر کوشتنی خاشقچی بڵاوناکاتەوە من دەیکەم
رۆژی دووشەممە 24ی ‌حوزەیرانی 2019 رۆن وایدن رایگەیاند: "ئەگەر دەزگای هەواڵگری ڕاپۆرت لەسەر کوشتنی رۆژنامەوان جەمال خاشقچی بڵاونەکاتەوە، ئەوا فشار دەخاتە سەر ئەنجومەنی پیران تاوەکو ئاشکرای بکات".


ڕۆیتەرز-ئەمریکا هاوکێشەیەکی ئابووری بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێت و فەڵەستین ناڕازیە
ئیدارەی ترامپ هاوکێشەیەکی ئابووری 50 ملیار دۆلاریی بۆ سەپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشت و وتی مەبەستی لە پلانەکەی کۆتاییهێنانە بە کێشەکەی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل.


گاردیان-ئێران دەڵێت هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست ناکات
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی "هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست ناکەن، لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام رێگەیان پێنادات ئەم کارە بکەن".


میدڵ ئیست مۆنیتۆر-بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانێک 25 دۆنم زەوی لە تورکیا سوتا
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئانادۆڵ ئاگر لە دارستانێک کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 25 دۆنم زەوی لە باکوری رۆژئاوای تورکیا سوتا.


سپوتنیک-دادگای باڵای برازیل بڕیارێک دژی سەرۆکی پێشوو دەدات.

دادگای باڵای برازیل داوایەکی لویز ئیناسیۆ لولا-ی سەرۆکی پێشووی ڕەتکردەوە و ڕازی نەبوو لەسەر ئەوەی ئازاد بکرێت.


میدڵ ئیست مۆنیتۆر-میسر چەند سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەکات
میسر کەمپینێکی دەستپێکردووە و ژمارەیەک لەسەرکردە و کەسایەتیە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیردەکات، لەوانەش ئەو کەسانەی لە کودەتاکەی کانونی دووەمی ساڵی 2011 بەشداریان کردبوو.


میدڵ ئیست مۆنیتۆر-ئارامکۆی سعودی:ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گەرووی هورمز دەتوانین بەردەوامبین لە گواستنەوەی نەوت
ئەمین ناسر بەڕێوبەری کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی وتی کۆمپانیاکەی هێندە شارەزایی و ژێرخانی هەیە دەتوانێت بەردەوامبێت لە گواستنەوەی نەوت تەنانەت ئەگەر هێرشبکرێتە سەر گەرووی هورمز.


میدڵ ئیست مۆنیتۆر-تورکیا 10 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرە فەلەستینیەکان
دوێنێ سێشەممە حکومەتی تورکیا 10 ملیۆن دۆلاری بەخشیە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرە فەلەستینیەکان.


ئەی بی سی- سیئۆل: ئەمریکا و کۆریای باکور قسە دەربارەی ڕێکخستنی لوتکەیەکی دیکەی ترامپ-کیم دەکەن
سەرۆکی کۆریای باشوور وتی کۆریای باکور و ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن لەسەر ڕێکخستنی لوتکەی سێیەم لە نێوان دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆن ئون-ی سەرۆکی کۆریای باکور تاوەکو باس لە چارەنوسی چەکە ئەتۆمیەکەی کۆریای باکور بکەن، ئەمەش پاش ئەوەی چوار مانگ بەسەر دووەم کۆبوونەوەی سەرکردەکان لە هانۆی تێپەڕی و بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک کۆتاییهات.


دەیلی ستار- "هەسارۆچکەیەکی مەترسیدار" کە سێ هێندەی یاریگایەکی تۆپی پێ دەبێت ئەم هەفتەیە بەلای زەویدا تێپەڕدەبێت
هەسارۆچکەیەک بەناوی 2008 KV2 بە دووری 673190 کلیۆمەتر لە زەویەوە تێپەڕ دەبێت و بەپێی سەنتەری ناسا بە "هەسارۆچکەیەکی مەترسیدار" هەژمار دەکرێت.

وەرگێڕان: هێڤی فەرهاد

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure