راکان جبوری دەبێتە پەرلەمانتار

هەواڵ / کوردستان :: 26/06/2019‌ :: 614‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا راکان سەعید جبوری، پارێزگاری کاتی کەرکوک سوێندی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بخوات.

 

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق، كه نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دواڕۆژی راگەیاند: راکان جبوری بڕیاریداوە کەرکوک بەجێبهێڵێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا سوێندی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بخوات.

 

وتیشی: "ئەو بڕیارەی جبوری هاوکاتە لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگاری نوێ بۆ کەرکوک، بەتایبەت کە کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی لەسەر تۆمارکراوە و لەئێستادا بەکەفالەت ئازادکراوە".

 

لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 و لەکارلابردنی نەجمەدین کەریم لەپۆستەکەی، راکان جبوری بەوەکالەت ئەو پۆستەی وەرگرتووە و بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیش لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستەکە کە شایستەی کوردە، جبوری ماوەتەوە کە بەردەوام بەپشتیوانی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە و دوورخستنەوەی بەرپرسانی کورد تۆمەتباردەکرێت.

 

ناوبراو لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ساڵی رابوردوو دەنگی پێویستی هێنا و سەرکەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە و پارێزگاری کەرکوکە.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوكردنه‌وه‌: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure