پارك و باخچه‌كانى سلێمانى به‌ره‌و زه‌ردبوون ده‌چن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/06/2019‌ :: 440‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پارك و سه‌وزاییه‌كانى سلێمانى وشك و زه‌رد ده‌بن، تائێستا ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر خه‌رجكردنى پاره‌ و به‌كرێگرتنى تانكه‌ر بۆ ئاودانیان نه‌دراوه‌، ده‌وترێت له‌ هه‌ولێر مامه‌ڵه‌كانى سلێمانى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دواده‌خرێن و ونده‌كرێن. سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى كوردستانێكى سه‌وزیش دەڵێت: "ساڵانی رابردوو لەسەر ئەرکی خۆمان باخچەکانمان ئاوداوە، بەڵام ئەمساڵ شارەوانی دەڵێت پارەمان نییە".


هاوژین عوسمان، لێپرسراوى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى باخچه‌كانى سلێمانى به‌دواڕۆژى وت: "له‌ئێستادا بلواره‌كانى پاركى هه‌وارى شار و مه‌لیك مه‌حمود و تاسلوجه‌ دراون به‌ كۆمپانیا و كارى تێدا ده‌كات، پارك و باخچه‌كانى سلێمانى كه‌ زۆرترین سه‌وزایى پێكده‌هێنن تائێستا بۆ ئاودانى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ ره‌زامه‌ندى نه‌دراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى ناردومانه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ وه‌زاره‌ت ونكراوه‌".

وتیشى: "له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌ت و هه‌ولێردایه‌و ده‌بێت له‌وان پرسیار بكرێت بۆچى مامه‌ڵه‌ى سلێمانى راگیراوه‌و ره‌زامه‌ندى نادرێت یان دواده‌خرێت، جگه‌ له‌وه‌ هه‌ندێك میدیا په‌رده‌پۆشى ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا سه‌وزایى موڵكى هه‌مووانه‌و پێویسته‌ به‌زووترین كات تانكه‌رمان بۆ به‌كرێ بگیرێت".

ساڵانه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ شارى سلێمانى دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و سەرهەڵدەداتەوە، ساڵى رابوردوو له‌ مانگى 8دا تانكه‌ر بۆ ئاودانى دار و سه‌وزایى ئه‌مشاره‌ به‌كرێ گیراوه‌، له‌كاتێكدا پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى 6دا ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ربدرێت.

ئارارات زه‌رده‌شتى، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى كوردستانێكى سه‌وز بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ده‌كات: ساڵانى رابوردوو له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆمان به‌شێك له‌ دار و سه‌وزاییه‌كانمان ئاوداوه‌، ئه‌مساڵ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كمان نییه‌ و حكومه‌تیش هاوكاریمان ناكات، تا نه‌هێڵین سه‌وزایی و داره‌كانى سلێمانى وشك و زه‌رد بن.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى كوردستانێكى سه‌وز ده‌شڵێت: "شاره‌وانى تانكه‌رى هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ڵێن، پاره‌یان نییه‌ چاكى بكه‌ن و پارك و سه‌وزاییه‌كانى پێ ئاو بده‌ن، ئێستا به‌دواى سپۆنسه‌ر یان كۆمپانیایه‌ك ده‌گه‌ڕێین هاوكارمان بێت و ئاوى پارك و باخچه‌كان بدات، ئه‌گه‌ر تا چه‌ند رۆژێكى تر فریاى سه‌وزایى و پاركه‌كان نه‌كه‌ون به‌ته‌واوى وشك و زه‌رد ده‌بن".

 

له‌ سلێمانى 565 پارك و باخچه‌ و زیاتر له‌ 3 ملیۆن و 500 هه‌زار دار هه‌یه‌، هاوكات ئه‌م شاره‌ رێژه‌ى ستاندارى تێپه‌ڕاندووه‌ و رێژه‌ى سه‌وزایى 18%یه‌ و پله‌ى یه‌كه‌مى له‌ ئاستى عێراقدا هەیە.

به‌پێى به‌دواداچونه‌كان زیاتر له‌ یه‌ك مانگه‌ له‌ هه‌ولێر ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر به‌كرێگرتنى تانكه‌ر بۆ ئاودانى سه‌وزایى دراوه‌، هاوكات 20%ى داهاتى شاره‌وانى بۆ خزمه‌تكردنى سه‌وزایى ئه‌و شاره‌ ته‌رخانده‌كرێته‌وه‌.

پاركى ئازادى سلێمانى 12 هه‌زار 670 دارى تێدایه‌، 156 دۆنمى سه‌وزاییه‌، 20 دۆنمیشى گه‌راج و شه‌قامه‌، پاركى ئازادى به‌شێكى سه‌ره‌كى سه‌وزایى سلێمانى پێكده‌هێنێت و رۆژانه‌ دانیشتوانى ئه‌م شاره‌ رووى تێده‌كه‌ن. زه‌ردبوونى نیگه‌رانى لاى هاووڵاتییان و لێپرسراوانى دروستكردووه‌.

جه‌مال عه‌بدوڵڵا لێپرسراوى پاركى ئازادى سلێمانى به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: تازه‌ پارێزگاى سلێمانى تانكه‌رێكى بۆ كڕیوین، به‌مه‌به‌ستى ئاودانى پاركه‌كه‌، ساڵانه‌ هه‌تا باخ و سه‌وزاییه‌كانى سلێمانى زه‌رد نه‌بن نایه‌ن به‌ده‌میه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ سیاسى كراوه‌و له‌ هه‌ولێر له‌ 1ى 4ى هه‌موو ساڵێك ته‌نكه‌ر بۆ ئاودانى باخچه‌كان دابین ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ سلێمانى تا سه‌وزایی و داره‌كان وشك و زه‌رد نه‌بن، ئاوڕیان لێنادرێته‌وه‌ و پاره‌ بۆ سه‌وزایى سلێمانى ته‌رخان ناكرێت.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure