پارتی چەند ناوێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەستنیشان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 13706‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

پارتی چەند کەسایەتیەک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەستنیشاندەکات و بڕیارە لە لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتی و پارتی گەڵاڵە بکرێت.


سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى حوزه‌یرانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتى بەئامادەبونی چەند بەرپرسێکی کەرکوکی حزبەکە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆبونەتەوە.

سه‌رچاوه‌كه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، وتیشى: "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سێ کەسیان دەستنیشانکردوە تاوەکو لەگەڵ یەکێتیدا بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك گەڵاڵەی بکەن".

رونیشیكرده‌وه‌: ئەو کەسانەی پارتی دەستنیشانیکردون کەسانی میانڕەو و سه‌ربه‌خۆن، کاندیدەکانی یەکێتیش لەنێوان دوو کەسدا ماونەتەوه‌ کە بڕیارە لیژنەی هاوبەشی هەردولا تاوتوێیان بکات، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو ناوى هیچكام له‌ كاندیدانى هه‌ردوو حزب ئاشكرابكات.

ئاماده‌كردنى ئه‌و كاندیدانه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتر شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی وەفدی دانوستانکاری پارتی لەبەغدا بەدواڕۆژی راگەیاند: راستەوخۆ دوای چارەسەرکردنی دۆسێی ئەمنی كه‌ركوك، پرسی پارێزگاری شاره‌كه‌ش تاوتوێدەکەن و کەسایەتییەکی "کوردی دڵسۆز و دەستپاک" هەڵدەبژێرن کە پارتی سورە لەسەر ئەوەی کەسێکی بێلایەنی سەربەخۆ ئەو پۆستە وەربگرێت.

چاره‌سه‌ركردنى دیاریكردنى كاندیدێك بۆ پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كێك له‌و پرسانه‌ى به‌ هه‌ڵواسراوى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى ماونه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا یه‌كێتى سوره‌ له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ى وه‌ك پێشمه‌رجى به‌شدارییان له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سرور بارزانى.

جگه‌ له‌ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، پۆستى وه‌زاره‌تى داد له‌ به‌غدا یه‌كێكى دیكه‌ له‌ دۆسیه‌كانى نێوان هه‌ردوو حزب بوون، به‌ڵام دوێنێ به‌ هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنى حاكم فاروق ئه‌مین، بۆ پۆستى وه‌زاره‌ته‌كه‌ چاره‌سه‌ركرا كه‌ به‌پێى هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان دیاریكردنى ئه‌و دادوه‌ره‌ به‌پێی رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بووه‌.

به‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 20ى حوزه‌یران له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانی لە به‌غدا دوا په‌یامى یه‌كێتى به‌ نێچیرڤان بارزانی دراوە به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی نه‌رمی نه‌نوێنێت له‌سه‌ر پرسی پارێزگارى كه‌ركوك، ئه‌وا به‌شداریكردنی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی داهاتوو قورسده‌بێت و كێشه‌كان به‌ره‌و ئاڵۆزیی ده‌چن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت به‌ دواڕۆژی راگه‌یاندبوو: پرسی كه‌ركوك داخوازی هه‌موو یه‌كێتییه ‌و بۆ ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی رابردوو یه‌كێتیی نه‌رمی زۆری نواندووه‌، ئه‌گه‌ر پرسی پارێزگاریش یه‌كلانه‌كرێته‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ هیچ كه‌سێك له‌ یه‌كێتی به‌ ته‌نها جورئه‌تی ئه‌وه‌ بكات بڕیار له‌سه‌ر به‌شداری یه‌كێتیی بدات.

هاوكات ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە دواڕۆژی راگه‌یاند: ئەگەر پرسی كەركوك لە نێوان یەكێتی و پارتی یەكلایی نەكرێتەوە، بەهیچ شێوەیەك ناوی كاندیدەكانمان پێشكەش بە راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ناكەین، ئەوەش بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتیمانە.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure