به‌فه‌رمى نرخى ژماره‌ (1)ى تابلۆى ئۆتۆمبێلى هه‌ڵه‌بجه‌ راگه‌یه‌نرا

هەواڵ / کوردستان :: 25/06/2019‌ :: 1833‌ جار بینراوە
نرخى تابلۆى ژماره‌ (1) به‌ یه‌ك ملیار دیناره

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ فه‌رمى نرخى تابلۆى ئۆتۆمبێلى به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌ ژماره‌ (1) تا ژماره‌ 1988 دیاریكرد، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاكه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست به‌فرۆشتنى تابلۆكان ده‌كه‌ن.


عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی پارێزگای ھه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواجار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نرخى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ ناوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دیاریكرا به‌جۆرێك كه‌ ژماره‌ نایابه‌كان نرخى دیاریكراویان بۆ دانراوه‌ و ناتوانین له‌و نرخه‌ كه‌متر بیانفرۆشین كه‌ به‌ زیادكردنى ئاشكراده‌بێت.

وتیشى: "نرخى تابلۆى ژماره‌ (1) به‌ یه‌ك ملیار دینار و هه‌روه‌ها ژماره‌ (2 تا ژماره‌ 9) به‌ بڕى 600 ملیۆن دینار ده‌فرۆشرێن، هاوكات ژماره‌ (10 بۆ 99) به‌ 300 ملیۆن دینار و له‌ ژماره‌ (100 بۆ ژماره‌ 999) به‌ بڕى 200 ملیۆن دینار ده‌فرۆشین.

عه‌مید حه‌سه‌ن رونیشیكرده‌وه‌: ژماره‌ (1000) به‌ 180 ملیۆن دینار و هه‌روه‌ها ژماره‌ (1988) كه‌ هێمایه‌ بۆ ساڵی كیمیابارانكردنی ھه‌ڵه‌بجه‌ به‌ بڕى 600 ملیۆن دینار ده‌فرۆشین.

راشیگه‌یاند: هه‌ر كه‌س ئاره‌زوومه‌نده‌ بۆ كڕینی ئه‌و ژماره‌ نایابانه‌، ده‌توانێت له‌ سبه‌ینێوه‌ داواكاریمان پێشكه‌شبكات.

به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ستده‌كه‌ین به‌ دروستكردنى تابلۆكان و دواجار فرۆشتنیان، بۆیه‌ هه‌ر به‌گوێره‌ى بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و داهاته‌ى كه‌ له‌ڕێگه‌ى فرۆشتنى تابلۆكانه‌وه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت له‌ 80%ی بۆ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ 20% داهاته‌كه‌ى بۆ په‌ره‌پێدانی سیسته‌مى هاتووچۆ خه‌رج ده‌كرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure