هۆشدارى له‌باره‌ى هاتنى شه‌پۆلێكى گه‌رماى به‌هێز ده‌درێت

هەواڵ / عێراق :: 25/06/2019‌ :: 12575‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

شه‌پۆلێكى گه‌رماى "پێوانه‌یى" روو له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى عێراق ده‌كات و به‌پێى وته‌ى پێشبینیكارێكى كه‌شوهه‌وا: جگه‌ له‌ عێراق شه‌پۆله‌كه‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئه‌فریقیا و ئه‌وروپاش ده‌گرێته‌وه‌.


سادق عه‌تیه‌، شاره‌زا و پێشبینیكارى كه‌شوهه‌وا له‌ عێراق ریگه‌یاند: عێراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئه‌فریقیا له‌ چاوه‌ڕوانى "پله‌یه‌كى گه‌رماى پێوانه‌ییدان".

ده‌شڵێت: به‌هه‌مان شێوه‌ ناوه‌ڕاست و رۆژئاواى ئه‌وروپا له‌ چاوه‌ڕوانى توندترین شه‌پۆلى گه‌رمان له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا.

ئه‌و پێشبینیكاره‌ هاوكات له‌گه‌ڵ دانانى چه‌ند وێنه‌یه‌ك ده‌رباره‌ى به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما له‌سه‌ر په‌ڕه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى نوسیویشیه‌تى "هه‌ساره‌كه‌مان ده‌كوڵێت!".

پێشتر بژار ئەکرەم، لێپرسراوى بەشى پێشبینى لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ئاشكرایكرد: رۆژى چوارشەممە و پێنجشەممەش پلەکانى گەرما بە نزیکەى دوو پلەى دیکە بەرزتر دەبنەوە.

وتیشی: "ناوچەکانى باشوورى هەرێم بەرزترین پلەکانى گەرماى لە سەرووى 46 پلەى سیلیزى تیادا تۆماردەکرێت و لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممەدا سەنتەرى پارێزگاى هەولێر بەرزترین پلەى گەرماى پێشبینیکراو تیایدا دەگاتە 44 پلە، سلێمانى 42 پلە، دهۆک 42 پلە، کەرکوک 46 پلە و هەڵەبجە 43 پلە".

ئەوەشی وت: "ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەکانى گەرمادا لە رۆژى هەینى کۆتایى دێت واتە رۆژى هەینى بارستە هەوایەکى تا رادەیەک فێنک لە دەریاى ناوەڕاستەوە روو لە ناوچەکەمان دەکات و پلەکانى گەرما نزم دەبنەوە بەشێوەیەک زۆربەى ناوچەکەمان پلەکانى گەرماى لە ژێر 40 پلەى سیلیزى دەبێت".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure