"زه‌وى و خزمه‌تگوزارى كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ى به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنى سلێمانییه‌"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 25/06/2019‌ :: 758‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د جه‌بار

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، سامان قوبادى

كێشه‌ى زه‌وى و تیچووى زۆر، ئاستى گه‌شه‌كردنی پیشەسازی سلێمانی وه‌ستاندووه‌، محه‌مه‌د جه‌بار به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى پارێزگاى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌ ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م كارگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان ده‌كات و دەڵێت: "خه‌ڵك هه‌یه‌ پاره‌ى پێیه‌، به‌ڵام ترسى هه‌یه‌ كارگه‌ یان پڕۆژه‌یه‌ك دروست بكات".


دواڕۆژ: چه‌ند كارگه‌ى تایبه‌ت له‌ سلێمانى هه‌یه‌؟ بڕى سه‌رمایه‌یان چه‌ندە؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
زه‌حمه‌ته‌ بزانرێت كۆى گشتی سه‌رمایه‌كه‌یان چه‌نده‌، به‌ڵام 1111 كارگه‌ى جۆراوجۆر هه‌یه‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ى گه‌رمیان و راپه‌ڕین و بۆ چوار جۆر دابه‌شكراون، بیناسازى، خۆراك، كیمیاوى و پلاستیكى و خزمه‌تگوزاری. زۆرترینى له‌بوارى به‌رهه‌مهێنانى كه‌ره‌سته‌ى بیناسازییه‌.

دواڕۆژ: پارێزگاى سلێمانى له‌ رووى سه‌رمایه‌ى به‌گه‌ڕخراو و پیشه‌سازییه‌وه‌ له‌ ئاستى عێراق له‌ پله‌ى چه‌نده‌؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
له‌ 30% پڕۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كانى عێراق له‌ پارێزگاى سلێمانییه‌، له‌ ئاستى كوردستان و عێراق یه‌كه‌مه‌، گه‌شه‌كردنه‌كه‌ى وه‌كو ساڵانى رابردوو نییه‌ و وه‌ستاوه‌، ساڵى 2010 له‌ لوتكه‌ى گه‌شه‌ پێداندا بوین و له‌ یه‌ك ساڵدا 45 پڕۆژه‌ داده‌مه‌زرا، له‌ 2019دا  15 داواكارى هه‌یه‌ بۆ دروستكردنى پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى به‌ڵام كێشه‌ى زه‌ویمان هه‌یه‌.
 
دواڕۆژ: بۆچى كه‌مترین وه‌به‌رهێنه‌رى بیانى روو له‌ سلێمانى ده‌كه‌ن بۆ پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
به‌پێى یاسا ناتوانین مۆڵه‌ت بده‌ین به‌ وەبه‌رهێنه‌رى بیانى و كارى بۆ بكه‌ین، پێویسته‌ كه‌سه‌کە و كۆمپانیاكه‌شى عێراقى بێت.

دواڕۆژ: خه‌ڵك پاره‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام ترسى له‌وه‌یه‌ پڕۆژه‌ى كارگه‌یه‌ك جێبه‌جێ بكات بۆچى؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
هۆكاره‌كه‌ سیاسی و ئابورییه‌، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان و ده‌وروبه‌رى جێگیر نییه‌، خه‌ڵك سڵ ده‌كاته‌وه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى كارگه‌یه‌ك، به‌ نموونه‌ پێشتر به‌ بڕیارێكى حكومه‌تى ناوه‌ند چوونى به‌رهه‌مى كارگه‌كانى ئێره‌ بۆ ناوچه‌كانى خواروو قه‌ده‌غه‌كرا، زۆربه‌ى ئه‌و کاراگانەی هه‌مانه‌ 50%ى داخراون، چونكه‌ ئامێره‌كانیان كۆن بوون، هه‌ندێكیشیان به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ بازاڕدا ساغ نابێته‌وه‌، چونكه‌ به‌رهه‌مى جێگره‌وه‌ دێته‌ هه‌رێم بۆ نموونه‌ زۆرترین كارگه‌كانى بیناسازى بلۆكه‌، له‌جیاتى ئه‌وه‌ خه‌ڵك بلۆكى پۆنزا و ئایزۆكریت به‌كارده‌هێنن، خاوه‌نى كارگه‌كان نایه‌ن بیگۆڕن به‌ پڕۆژه‌یه‌كى سه‌رده‌مییانه‌ و بلۆكێك به‌رهه‌مبهێنن به‌رگرى سه‌رما و گه‌رما بگرێت. 50%ى تر كه‌ كار ده‌كه‌ن 25%ى به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ناوخۆى هه‌رێم و 75%ى له‌ ناوچه‌كانى خواروو ناوه‌ڕاستى عێراق ساغ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا تواناى به‌رهه‌مهێنانیان بۆ 40% دابه‌زیوه‌.

دواڕۆژ: بۆچى له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى زۆرترین كێشه‌ بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و كارگه‌كان دروست ده‌كرێت؟ كێشه‌كانى به‌رده‌م پیشه‌سازى چین؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
یه‌كه‌م ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى هاورده‌ ده‌كرێن كۆنتڕۆڵ ناكرێن، پویسته‌ پێوه‌رى عێراقى بۆ هێنانیان به‌كاربهێنرێت، كه‌ دێته‌ ناوخۆ پێویسته‌ هه‌مان تایبه‌تمه‌ندى هه‌بێت، جگه‌له‌وه‌ به‌رهه‌مه‌ كۆتاییه‌كه‌ باج له‌سه‌رى كه‌متره‌ به‌راورد به‌و كه‌ره‌سته‌ خاوه‌ى دێت بۆ كارگه‌كان، باجى یه‌ك ته‌ن كێبڵى كاره‌با 80 دۆلاره‌، له‌كاتێكدا له‌ وڵاتانى تر له‌ 900 دۆلار گومرگى كه‌متر نییه‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ ناتوانێت ركابه‌رى به‌رهه‌مى ده‌ره‌كى بكات، كێشه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه‌ كاره‌با و رێگاوبان خراپە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كارگه‌كان زۆربه‌ى كرێكاره‌كانیان بیانییه‌، ده‌بوایه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوایه‌، كرێكارى كورد بۆیه‌ كار ناكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یاسای خانه‌نشینبوونى كه‌رتى تایبه‌ت ده‌رنه‌كراوه‌، هاوكات ناوچه‌ى پیشه‌سازیمان نییه‌ تا خه‌ڵك بچێت له‌وێ كارگه‌ دابنێت، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى وڵاتانى دراوسێ تێچوویان كه‌متره‌ و پشتیوانییان زۆرتره‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لاى ئێمه‌ نرخى كاره‌با و زه‌وى و سوته‌مه‌نى زیاد كراوه‌، بۆیه‌ تێچووى یه‌كه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ى زۆره‌.

دواڕۆژ: ئه‌ى ناوچه‌ى پیشه‌سازى عه‌ربه‌ت – سلێمانى چى به‌سه‌رهات؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
سێ هه‌زار دۆنم بوو و چه‌ندین كارگه‌ى گه‌وره‌شى تێدا دامه‌زراوه‌، به‌ڵام تائێستا خزمه‌تگوزارى بۆ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌شێكیان خۆیان خزمه‌تگوزارییان جێبه‌جێ كردووه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ حكومه‌ت ویستیه‌وتى خۆى خزمه‌تگوزارى بكات، دواتر نه‌كرا.
 
دواڕۆژ: حكومه‌ت ده‌ڵێت كه‌رتى تایبه‌ت به‌هێز ده‌كه‌ین، به‌ڵام سیاسه‌تى پێچه‌وانه‌یه‌ به‌هۆى تێچووى به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزارى، وه‌ڵامتان چییه‌؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
بۆ گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى پێویسته‌ سێ وه‌زاره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى كار بكه‌ن، وه‌زاره‌ته‌كانى دارایى و پلاندانان و پیشه‌سازى، وه‌زاره‌تى پلاندانان ساڵانه‌ پلانى هه‌بێت كه‌ چ جۆره‌ پڕۆژه‌یه‌ك دابنرێت تا ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى بكات كه‌ وه‌به‌رهێنان له‌و جۆره‌ پڕۆژانه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌م سێ وه‌زاره‌ته‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كیان نییه‌.

دواڕۆژ: زۆربه‌ى سه‌رمایه‌داران ده‌ڵێن ئه‌و زه‌ویه‌ى بۆیان دابین ده‌كه‌ن له‌رووى شوێنه‌وه‌ گونجاو نییه‌، هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزارى نییه‌ و كێشه‌ى موڵكدارى تێدایه‌ بۆچى كه‌سى وەبه‌رهێنه‌ر رووبه‌ڕووى ئه‌م هه‌موو كێشانه‌ ده‌كرێته‌وه‌؟
محه‌مه‌د جه‌بار:
تائێستا چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ى زه‌وى پڕۆژه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازیت نه‌بوو كه‌سه‌كه‌ ده‌چێت زه‌وییه‌ك ده‌كڕێت، له‌ مه‌رجه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیشدا ده‌بێت به‌رده‌ڵان بێت، دواتر جوتیار ده‌ڵێت زه‌وى منه‌ و داواى پاره‌ ده‌كات، كاتێكیش داواى بیرلێدان ده‌كات ره‌زامه‌ندى بۆ نادرێت، كێشه‌ى موڵكدارى یه‌كێكه‌ له‌به‌ربه‌سته‌ گه‌وره‌كه‌ له‌به‌رده‌م پیشه‌سازى، خاوه‌نى پڕۆژه‌كان بێزار بوون به‌هۆى كێشه‌ و رۆتیناتى زۆر.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure