ئەگەر حکومەتداریی ئاوایە...بڕووخێت حکومەتی هەرێمی کوردستان!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 25/06/2019‌ :: 205‌ جار بینراوە

سەردار مەحمود

دوو ڕۆژە بابەتی کچیکی مونەقیبە، تەواوی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن و تەواوی کۆمەڵگه‌ی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە! پێش ئەویش مەرگی مورسی و سبەینێش نازانین چی تر دەگوزەرێت!

پێشەکی من کچی ناو ئەم نیقابە ناناسم و ناشمەوێ ناوی بزانم یان بیناسم .. بەڵام لەوە دڵنیام نەنکی ئەم کیژە و نەنکی هەمووشمان تا دەگاتەوە یەکەمین چاوگی ڕەچەڵەکی کورد، یەک ژن ئاوا مونەقیبە و بورقەعدار نەبووە! لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی کوردستان پتر لە هەزار ساڵە موسڵمانن.

ئەم کیژە کەیفی خۆیەتی لە ماڵ و ئەو سنوورەی کە هی ئەوە، چی دەپۆشێت و چی ناپۆشێت، کەسیش حەقی تەداخولی لەسەر ژیانی نیە...بەڵام کاتێک دێتە ناو قوتابخانە یان زانکۆ، ئیتر ئەوە حەرەمی گشتییە و لە حەرەمی تاک دەردەچێت. دواتریش ئەوە ئیهانەیە بە هەموو پیاوەکانی کۆمەڵگه‌ بەبێ جیاوازی، ئاخر تۆ کە بە ناو دارستانێکدا دەڕۆیت و جلی زرێ لەبەر دەکەیت، دەلالەت لەوەیە ئەو جەنگەڵە پڕپڕە لە گورگی بێڕەوشتی پەلاماردەر، ئەگینا چ حاجەت بە زرێپۆشین دەکات؟! دەی کۆمەڵگه‌یەکیش ئەوەندە دڕندە و پەلاماردەر بن، ئیتر دیارە فەلەتانی ئەمنی دروست بووە و وڵات داری بەسەر بەردیەوە نەماوە!

ئالێرەدا نەک کەسوکاری سفوری ئێمە، تەنانەت ئەو موحەجەبانەشی کە نیقابیان نەکردوە (دوور لە ئەوان)دەبێ حیسابی بێڕەوشتیان بۆ بکرێت! یان ئەو ژن و پیاوانەی کە بەرگری لە ئەم حاڵەتە دەکەن، یەکەم هەنگاو بۆ پێوەری (صیدق وشەرەف)یان ئەوەیە "زەعیفەکانی" ناوماڵی خۆیان لە موحەجەبەوە بکەن بە مونەقیبە!

من نازانم ئەم کێژە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام دەزانم ئەوانەی ئیسلامیی زۆر توندڕەون، دەنگی (ژن بۆ پیاو و پیاو بۆ ژن) بە عەورەت و هەست بزوێن دەزانن و (تێکەڵاوبوونی دوو ڕەگەز) تا ئەو پەڕی (حەرام) لای ئەوان حەرامە، چ جای وێنە گرتن کە خودی وێنەگرتن زۆر حەرامە و سەدان فتوا لە سەر فەرموودەی (أشد الناس عژاباً یوم القیامه‌ المصورون) هەیە و ئینسان کە گەیشتە دەرەجەی نیقاب دەبێت باوەڕی بەوەش هەبێت! باشە ئەم کچە بە کام مەبەست دێتە ڕیزی پێشەوە و وێنەدەگرێت، ئەگەر دەستێک بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەئارادا نییە؟!

باشە کێ دەزانێت ئەو کێ یە و ئەو چۆنە ؟! دواتر ئەو حەقی خۆیەتی نەهێڵێت هیچ پیاوێکی نامەحرەم ڕووخساری ببینن، بەڵام ئەی بە چ حەقێک ئەو ڕووخساری ئەو هەموو پیاو ژنەی ناو کۆمەڵگه‌ و قوتابخانە و زانکۆکان دەبینێت؟! ئەی ئەوەش پێشێلکردنی مافی ئێمەی پیاوان نییە کە نامەحرەمەیەک دەمانبینێت و گوناهبارمان دەکات ؟! 

باشە....گریمان ئەم کچە دەچێتە کۆلیژی پزیشکیی، خۆ سبەینێ دەبێت توێکاری (تشریح) بۆ لەشی هەموو پیاو و ژنێکی نامەحرەم بکات، خۆ لە جیهاندا کۆلێژێك نییە تەنها لەسەر ژن و لاشەی ژن دەرس بخوێنرێت. یان ئەمەش دوو فاقییەکی ترە؟!

ئێمە حەقمان بەسەر ئەم کچە و هیچ کەسێکەوە نییە، بۆ خۆی چۆن بیر دەکاتەوە. وەك ڕێز لە مافی تاکیش ڕێز لە بیر و باوەڕیشی دەگرین تا ئەو کاتەی كه‌:
1- لەگەڵ ئیدیعا و پەیامەکەیدا چەندە ڕاستگۆیە. 
2- ئاسایشی کۆمەڵگه‌ ناخاتە ترس و خەتەرەوە.

لێرەدا پرسیارێک خۆی قوت دەکاتەوە:
باشە گریمان سبەینێ ئەم کچە و هاوشێوەکانی، ڕۆژانە بەم بەرگەوە دەچنە زانکۆ، خۆ ناکرێت هەموو ڕۆژێک داوای پێناسیان لێبکرێت، ئەگين ئەوسا (میدیای بەرەڵاو بێ مەسئولیەتی کورد-دەیکات بەو ڕۆژەی قەرەوەیسی تیا کوژرا!!) دەی ئەگەر بۆ نمونە: ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەك داعش چاودێریی هاتوچۆی ئەم کیژە بکەن، بەیانییەك پێش ئەم کیژە پیاوێک یان ژنێک بچیتە هەمان بەرگ، خۆ کەس نازانێت مەخلوقی ناو نیقابەکە چییە و کێیە! ئەوسا تیرۆریستە جیهادیەکە، لە ناو ئەو کیژە سفور و موحەجەبانەشی کە نیقابیان نەکردوە خۆ دەتەقێنێتەوە. ئەوسا وەڵامی حکومەتە مجامەلەچییەکەی کوردستان بە خەڵک چی دەڵێت؟!

بەڕێزینە ... بە تەشبیهـ نەبێت.. لە تەواوی ئەوروپا جێگای تایبەت هەیە، خەڵک ئازادە مەینۆشی بکات یان بە شۆرتێکەوە مەلە بکات یان ڕووتوقووت و عوریان لە ساونایەکدا پاڵی لێباتەوە... بەڵام ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت بە ئاشکرا خۆی ڕووت بکاتەوە و بەسەر جادەکاندا بڕوات؟! یان بتڵێک شەراب بەدەستەوە بگرێت و بەسەر جادەکاندا یان ناو قوتابخانەیەکدا بیخواتەوە؟!.. یان یەکسەر پۆلیس قۆڵبەستی دەکەن و دەیبەن؟.. (دیارە باسی هەندێک حاڵەت ناکەم، وەک کامێرای شاراوە-کە پۆلیس و یاسا لێی ئاگادارە و چاودیریی دەکات).

وابزانم تا ئیرە پەیامی ئێمە ڕوونە، لەسەر کیژێک کە نە دۆستە و نە دوژمن و نە دەشیناسیین.. بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەڕەیەك هەستی نەتەوایەتی و حکومەتداریان تێدا ماوە، بە چ حەقێک، مەلایەك بۆ تەحەدای وەزارەتی پەروەردە و بە بەرچاوی وەزارەتی ناوخۆوە دەڵێت:"با ئەم کیژە بفەرمووێت بۆ مزگەوت و من لەوێ و لە ناو نوێژکەرانی ڕۆژی جومعەدا خەلاتی دەکەم"؟!
باشە ئەگەر مەبەست تێکدانی باری ئەمنیی نییە، با لەبری خەڵاتێک سەد خەڵاتی بۆ بنێرێیە ماڵەوە.

لە کۆتاییدا داواکارم لە حکومەت: یان کۆمەڵگه‌ و حکومەت تەسلیمی دەستی موجاهیدینی ئیسلامی (نەک ئیسلام) بکەن و دانیشن بەخێر، یان هەستنە سەرپێ و حەدێک بۆ ئەم بەرەڵایی ئیعلام و مینبەرە دابنێن! ئەگینا بەو چیچکانەی ئێستاتانەوە
پەنێک دەدەن بە هیچ کەس پەردەپۆش نەکرێت 

تێبینی/
لە ناو کۆمەڵگه‌ی کوردەواریدا کە زۆرینەمان موسڵمانین:
نە تەکیەی شێخانی قادری 
نە خانەقای شێخانی نەقشبەندی
نە شێخانی حەقە 
نە حەپسەخانی نەقیب و خانمی وەسمان پاشا و خانزادی میری سۆران.
نە ماڵی مەلای گەورەی کۆیە، نە ماڵی میرانی ئەردەڵان و مەستورەی شاعیر ، نە نالی و سالم وکوردی.
نە عاریفانی وەك حەزرەتی مەحوی و حەزرەتی مەولەوی.
نە خێزانی مەلاکەریمی مودەڕیس.
نە ماڵی خانەدانانی جاف و گۆران و عەشیرەتە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان.
لە مێژووی دوور و نزیکدا......
بەم شێوەیه‌ی ئەمڕۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان تەسک نەکردووه‌تەوە و دنیایان لە خەڵک نەکردووه‌تە- چەرمی چاوی چۆلەکە!!!



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure