"بڕیارێكی پێشووی حكومەت دەبێتەهۆی زیادكردنی نرخی دەرمان "

هەواڵ / کوردستان :: 25/06/2019‌ :: 203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


بڕیارێكی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە نۆرینگەكان نیگەرانی یاریدەدەری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی سنووری قەزای پێنجوێنی لێكەوتۆتەوە، چونكە بۆتەهۆی زیادكردنی نرخی دەرمان و بارگرانی زیاتر بۆ نەخۆش.

لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدان و نوێنەری دەرمانخانە و نۆرینگەكانی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: (ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2019) بەشێك لەخاوەن نۆرینگە و دەرمانخانە و تاقیگەكانی سنووری قەزای پێنجوێن، لەگەڵ زانا ڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن و پێدانی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن سەبارەت بەشێوازی مامەڵەكردن و پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی دەرمانخانەو نۆڕینگەكانی سنوورەكە كۆبوونەتەوە.

ناوبراو، وتیشی: "بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت لەسەر داواكاری كۆمەڵێك پزیشكی دەرمانساز، دەبێت سەرجەم نۆرینگە و تاقیگەكان مۆڵەتی پزیشكی دەرمانسازیان لابێت و ئەوانی تر دابخرێن یان كارەكەیان سنووردار بكرێت و تەنیا تایبەت بێت بە 18 ئایتیم واتە هەندێك دەرمانی سەرەتایی بدەنە هاوڵاتیان و نەخۆش".

ئاماژەی بەوەشكرد: لەبەرئەوەی لەپێنجوێن هیچ پزیشكێكی دەرمانسازمان نییە، بۆیە دەبێت ئێمە بچین بڕوانامەی پزیشكێكی دەرمانساز بێنین تا بتوانین كاربكەین بەناچاریی و بڕی 2 ملیۆن دینار بدەین، ئەوەش بەڕاستی جێی قبوڵ نییە و  جۆرێكە لەبارگرانی بۆ سەر نەخۆش، چونكە دەبێتەهۆی زیادكردنی نرخی دەرمانەكان.

روونیشیكردەوە "لەئێستادا خاوەنی نۆرینگە و تاقیگەكان، واتە یاریدەدەری پزیشك تەنیا دەتوانن ئەو 18 دەرمانە بفرۆشن كە بریتین لە حەبەكانی (پاراسیتۆڵ و ئەمۆكسیسلین و دەرمانی جوانكاری و كرێمی پێست و خەتەنەكردن و تەقەڵ دەرهێنان و هتد) یان ئەوەتا دوو ملیۆن دینار بدەینە كڕینی بڕوانامەی پزیشكێكی دەرمانساز و ئەو پزیشەكەش هەفتەی سێ رۆژ بۆی دەكرێت بێتە پێنجوێن".

وتیشی: "هەر ئەمڕۆ لیژنەكە پێكهێنراوە كە نوێنەری ئاسایش و پۆلیس و كوالێتی كۆنترۆل و قایمقام و نەخۆشخانەی پێنجوێنی تێدایە و هەفتەی داهاتوو گەڕانیان لەنۆرینگە و تاقیگەكان دەستپێدەكەن و لەو كارە دەكۆڵنەوە و لەسنووری پێنجوێنیشدا، نزیكەی 20 نۆرینگە و تاقیگە هەن كە بەردەوام لەخزمەتی هاوڵاتیان و نەخۆشەكانی سنوورەكەدان".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە