"حكومه‌ت لەپێناو كۆكردنه‌وه‌ى داهات كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیاكان ئیفلیج ده‌كات"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 25/06/2019‌ :: 820‌ جار بینراوە
سۆران ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى تۆمارى كۆمپانیاكانى پارێزگاى سلێمانى

دواڕۆژ، سامان قوبادى 


ته‌نیا له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى 6 هه‌زار و 500 كۆمپانیاى ناوخۆیى و 500 كۆمپانیاى بیانى هه‌یه‌،  سۆران ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى تۆمارى كۆمپانیاكانى پارێزگاى سلێمانى-یش له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژ-دا ده‌ڵێت: "پێویسته‌ حكومه‌ت باجى كۆمپانیاكان كه‌مبكاته‌وه‌، به‌ڵام باجیش له‌و كه‌سانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ كاسبكارن و له‌ناو بازاڕدا كارده‌كه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ بووه‌ته‌ ملیۆنێر و هیچ باجێكیش نادات.". 


دواڕۆژ: چه‌ند كۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانی له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى هه‌یه‌؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر له‌ 6 هه‌زار و 500 كۆمپانیاى ناوخۆى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ نزیكه‌ى 500 كۆمپانیاى بیانى، رێژه‌ى بیانییه‌كان زۆر له‌وه‌ زیاتر بوو، به‌ڵام نزیكه‌ى 70%ى كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌ماون و هه‌رێمى كوردستانییان به‌جێهێشتووه‌. جگه‌له‌وه‌ زیاتر له‌ 500 كۆمپانیاى ناوچه‌كانى خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق لقیان له‌ سلێمانى كردووه‌ته‌وه‌. ساڵى 2013 به‌رزترین لوتكه‌ى دامه‌زراندنى كۆمپانیاكان بووه‌، له‌ 2018 كه‌مترین كۆمپانیا دامه‌زراوه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌مساڵدا به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات، له‌ 70%ى كۆمپانیاكانى هه‌رێمى كوردستان  توركى و ئێرانین.

دواڕۆژ: ئایا زانیارییتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ى كارى ئه‌م كۆمپانیایانه‌؟ بڕى سه‌رمایه‌ پێوه‌ره‌ بۆ دامه‌زراندنى كۆمپانیا؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
سه‌رمایه‌ پێوه‌رنییه‌ بۆ دانانى كۆمپانیا، له‌ سیستمى سه‌رمایه‌داریدا سه‌رمایه‌ى كۆمپانیا كه‌مه‌، زۆرترین كۆمپانیا له‌ وڵاته‌ سه‌رمایه‌داره‌كاندا بوونى هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كۆمپانیا و كارى بازرگانى بكه‌ین له‌ چوارچێوه‌ى سیستمى جیهانیدا و گه‌شه‌ به‌ ره‌وتى بازرگانى خۆمان بده‌ین، ده‌بێت هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كى بچووك بكرێت به‌ كۆمپانیا.

دواڕۆژ: له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك باج له‌ كۆمپانیا وه‌رده‌گیرێت؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
حكومه‌ت باج له‌سه‌ر بنه‌ماى خه‌مڵاندن وه‌رده‌گرێت، پێویسته‌ فه‌رمانگه‌ى باج به‌هێز بكرێت، ناكرێت كۆمپانیایه‌ك چه‌ند ساڵه‌ كارى نه‌كردووه‌ باجى لێوه‌ربگیرێت. پێویسته‌ باج به‌ یاسا بێت ئه‌مه‌ى هه‌یه‌ به‌پێى رێنماییه‌. چه‌ندین كۆمپانیا هه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌رمایه‌كه‌ى باجى لێ وه‌رده‌گیرێت له‌كاتێكدا مۆڵه‌تى كاركردنى وه‌رنه‌گرتووه‌، ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى كاركردن باج له‌ كۆمپانیا بسه‌ندرێت، پێویسته‌ به‌دواداچوون بۆ چالاكییه‌كانیان بكرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ باجى لێ وه‌ربگیرێت. چه‌ندین كۆمپانیا رۆژانه‌ گله‌یى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌ر خه‌مڵاندن باجیان لێ وه‌رده‌گیرێت. له‌ وڵاتى ئێمه‌دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنى كۆمپانیا یه‌كسه‌ر باجى لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام پێویسته‌ كۆمپانیا كار بكات و قازانج بكات، پاشان باجى لێوه‌ربگیرێت. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت زانیارى نه‌بێت نابێت خه‌مڵاندن بكات. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت  به‌مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى داهات باجێكى زۆر له‌ كۆمپانیاكان وه‌ربگرێت كه‌رتى تایبه‌ت ئيفلیج ده‌كات. تا ئێستا نه‌توانراوه‌ داهاتى هه‌موو هاووڵاتییه‌ك بزانرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمان به‌ دانانى كۆده‌، ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ به‌یه‌ك دۆلاره‌وه‌ بكات ده‌بێت باجی لێ وه‌ربگیرێت، بۆ نمونه‌، كاسبكارى ناوبازاڕ هه‌یه‌ ملیۆنێره‌ و باجى لێوه‌رناگیرێت، کە به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێویسته‌ لێى بسه‌ندرێت.

دواڕۆژ: كۆمپانیا هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ داده‌مه‌زرێت و كارده‌كات، پێش كۆتایى ساڵه‌كه‌ ناوه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت یان دایده‌خات بۆئه‌وه‌ى باج نه‌دات، ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
كه‌سانێك هه‌ن بۆیه‌ كۆمپانیا داده‌مه‌زرێنن تا گه‌شتێكى بازرگانى پێ بكه‌ن. مه‌رجیش نییه‌ كۆمپانیا به‌هێز بێت، خه‌ڵك هه‌یه‌ كۆمپانیاشى نییه‌ و خاوه‌نى ئابورییه‌كى به‌هێزه‌. كۆمپانیا هاندانى تاكێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بازرگانییه‌كه‌ى بخاته‌ چوارچێوه‌یه‌كى یاساییه‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ناوه‌ندی دارایى كۆمپانیاكه‌ چه‌نده‌ و چه‌ند جوڵه‌ى نه‌قدى هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌ت بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهات كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیاكان تووشى  ئیفلیجى ده‌كات.
 
دواڕۆژ: بۆچى تائێستا كۆمپانیاى حكومى یان تێكه‌ڵاومان نییه‌ له‌ هه‌رێم، گرنگی بوونى له‌ چیدایه‌؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
زۆر گرنگه‌ كۆمپانیاى تێكه‌ڵاومان هه‌بێت. حكومه‌ت ده‌توانێت پشتیوانى ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیانه‌ بكات كه‌ كه‌رتى تایبه‌ت ناتوانێت به‌ ته‌نیا ئه‌نجامى بدات، چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى دارایى ئه‌و پڕۆژانه‌ بكات تا سامان به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات. بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت به‌ به‌هێزى بمێنێته‌وه‌ پێویسته‌ خاوه‌نى كۆمپانیاى تێكه‌ڵاو بێت، چونكه‌ پێشبڕكێیه‌كى رون دروستده‌بێت و دارییان بۆ خه‌ڵك روون ده‌بێته‌وه‌. كۆمپانیاى تێكه‌ڵاو له‌چوارچێوه‌ى یاسای عێراقى ژماره‌ 22 ساڵى 1997ى تایبه‌تدا داده‌مه‌زرێت. ئێمه‌ یاساكه‌مان نارد بۆ په‌رله‌مانى كوردستان تا په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رێگربوو، له‌ ئێستاشدا كه‌س ناتوانێت هیچ كۆمپانیایه‌كى گشتى دابمه‌زرێنێت ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ى له‌عێراق ده‌رچووه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان په‌سه‌ند نه‌كرێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویسته‌ كۆمپانیاى حكومی دابمه‌زرێت و له‌ چوارچێوه‌ى بازاڕى ئازاددا کاربکات. ئه‌و كارانه‌ى به‌ كه‌رتى تایبه‌ت ناكرێت خۆى ده‌توانێت بیكات ئه‌مه‌ش تاكه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌.

 
دواڕۆژ: ئایا كۆمپانیا بیانییه‌كان ئامرازن بۆ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى سه‌روه‌ت و دۆلارى ئه‌م وڵاته‌، نه‌یانتوانیوه‌ سوود به‌ ئابورى هه‌رێم بگه‌یه‌نن؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
له‌ 2007وه‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌كى بیانى له‌ هه‌رێم كارى كردبێت کارەکەی بۆ به‌ده‌ستهێنانى داهات و سامان بووه‌، نه‌هاتوون وه‌به‌رهێنانى راسته‌قینه‌ بكه‌ن، لەبەر ئەوە وه‌به‌رهێنانى بیانى له‌م هه‌رێمه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌ داهاتى خۆمان كراوه‌. بیانییه‌كان سامانى ئه‌م وڵاته‌یان برده‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى پاره‌یان بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ كاریان نه‌كردووه‌.

دواڕۆژ: كه‌سێك بیه‌وێت كۆمپانیایه‌ك به‌ سه‌رمایه‌یه‌كى كه‌م دابمه‌زرێنێت، چى بۆ ده‌كه‌ن؟ چه‌ند پاره‌ پێویسته‌؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
ئاسانكارى زۆرى بۆ ده‌كه‌ین، كه‌مترین كۆمپانیا ده‌بێت سه‌رمایه‌كه‌ى یه‌ك ملیۆن دیناره‌  ببێت به‌پێى یاساكه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك یه‌ك ملیۆن دینارى هه‌بێت ده‌توانێت كۆمپانیا دابمه‌زرێنێت.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر میزانییه‌ى خیتامى كۆمپانیا له‌لایه‌ن ژمێریارى یاسایى رێكنه‌خرێت ئایا قبوڵ ده‌كرێت یان سه‌رپێچى یاساییه‌؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
 بەڵێ سه‌رپێچى یاساییه‌، هیچ كۆمپانیایه‌ك ناتوانێت میزانیه‌ پێشكه‌شبكات، به‌بێ ئه‌وه‌ى ژمێریارى یاسایى په‌سه‌ندى كردبێت، چونكه‌ ئه‌و ژمێریاره‌ چاودێرى حساباتى ساڵانه‌ى كۆمپانیاكه‌یه‌، پێویسته‌ میزانیه‌ى گشتى لایه‌ن ده‌سته‌ى گشتییه‌وه‌ په‌سه‌ندكرابێت ئه‌گه‌رنا به‌ میزانیه‌یه‌كى یاسایى دانانرێت.

دواڕۆژ: له‌كاتێكدا پێویسته‌ 80%ى كارمه‌ندانى كۆمپانیاكان خۆماڵى بن، به‌ڵام زۆربه‌ى كۆمپانیا ناوخۆیى و بیانییه‌كان كار به‌ كرێكارى بیانى ده‌كه‌ن، بۆچى هیچ رێكارێك نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر؟
سۆران ئه‌حمه‌د:
هیچ رێژه‌یه‌كى دیاریكراو نییه‌،  كرێكارێكى زۆرى بیانى هێنراوه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان، زۆربه‌ى كۆمپانیاكان كار به‌ كرێكارى بیانى ده‌كه‌ن، بێكارییه‌كى زۆرى دروست كردووه‌، ته‌نانه‌ن كرێكاریى ئێرانى و سورى كۆنتڕۆڵى بازاڕیان كردووه‌.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure