ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێكى له‌باره‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 24/06/2019‌ :: 49449‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم داوا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ده‌كات، رێنمایی بۆ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ده‌ربكات.


عه‌بدولواحید محه‌مه‌د، سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24ی حوزه‌یرانی 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌فته‌ی رابوردوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ نووسراوی ره‌سمی داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری كردووه‌ ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان.

وتیشی: "به‌پێی بڕیاره‌كه‌، ده‌بێت له‌ماوه‌یه‌كی كورتی زه‌مه‌نییدا وه‌زاره‌تی دارایی رێنمایی بۆ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ده‌ربكات و قه‌ره‌بووی ئه‌و كه‌سانه‌ش بكرێته‌وه‌ كه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان راگیراوه‌".

پێشتر رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاندبوو كه‌ له‌مساڵدا بڕیار له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌، پله‌به‌رزركردنه‌وه‌ له‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌.

به‌هۆی قه‌یرانی دارایییه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ 21ی كانوونی یه‌كه‌می 2015، بڕیاریدا كه‌ هیچ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانی پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتییه‌كان ئه‌نجامنه‌درێت و بڕیاره‌كه‌ له‌ 1ی كانوونی دووه‌می 2016 ه‌وه‌ جێبه‌جێكرا.

پێشتریش دواڕۆژ له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى رایگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى میلاكات له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى دواین راپۆرتى خۆیان له‌باره‌ى پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران بۆ وه‌زیرى دارایى ناردووه‌، وه‌زیریش له‌ نوسراوێكدا بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داواى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كردووه‌.

پێداچونه‌وه‌: هـ.ق
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure