راگرتنی ڤیزای تورکیا زیانی دەیان هەزار دۆلاری هه‌بووه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 324‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ، کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پێدانی ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی کوردستان راگرت، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدات، ئەمەش بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی سەدان كه‌س نه‌توانن گەشت بکەن كه‌ زیانه‌كه‌ى به‌ ده‌یان هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.


ماوه‌ى پێنج رۆژه‌ زیاتر له‌ 30 پاسپۆرتم ناردووه‌ بۆ كونسڵخانه‌، به‌ڵام نه‌یانگه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ به‌ بیانوى راگرتنى ڤیزا، وه‌ك ئه‌وه‌ى خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كى بواره‌كه‌ باسیده‌كات.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیای فایەر فینیکس بۆ دواڕۆژ وتیشى: "زۆرمان هەوڵدا هۆكاره‌كه‌ى بزانین، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داینه‌وه‌ و زانیاریمان هەیە کە بەهۆی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵەوه‌ راگیراوه‌".

خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ی گه‌شتیاری باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا لانیکەم زیاتر لە هەزار گەشتیار ناتوانن گەشتبکەن و زیانێكی زۆری هه‌بێت.

بەیار هەناری، خاوەنی کۆمپانیای بۆسفۆڕس لاین بۆ دواڕۆژ وتى: "راگرتنی ڤیزای تورکیا، واتا وەستانی کارەکانی ئێمە، چونکە زۆرترین گەشتیارەکانمان دەچنە تورکیا".

وتیشى: "لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا لانیکەم زیاتر لە هەزار گەشتیار ناتوانن گەشت بکەن کە ئەگەر قازانجی هەر گەشتیارێک 100 دۆلار هەژماربکرێت، ئەوا 100 هەزار دۆلار زیان بە کۆمپانیاکان گەیشتووە".

ساڵانە لە سەرەتای وەرزی بەهار کە وەرزی گەشتیارییە، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەشتی وڵاتان دەکەن، بەپێی قسەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری زۆرترین گەشتیار بۆ وڵاتی تورکیا و بۆ شاری ئیستەنبوڵ-ه‌.

بەیاد بەڵێن كه‌ به‌نیازبوو له‌گه‌ڵ زینەی هاوسەری بۆ مانگی هەنگوینی  بچنە تورکیا، بە دواڕۆژی راگەیاند: بڕیاریاندابوو بۆ مانگی هەنگوینی بچینە ترابزۆن لە تورکیا، بەڵام پێنج رۆژە چاوەڕێ دەکەن و خاوەن کۆمپانیا دەستی دەستیان پێدەکات.

وتیشى: "ئاهەنگمان نەکرد و بڕیارمانوایە ئەو خەرجیە ببەینە تورکیا و کاتێکی خۆش بەسەرببەین، بەڵام خەریکە ئەو مۆڵەتەمان تەواو دەبێت کە لە کارەکەمان وەرمانگرتووە".

هاوكات نەهلە باپیر کە بۆ سەردانی پزیشک دەچێت بۆ توركیا و پێشتر تكتی سه‌ره‌ی وەرگرتووە، بۆ دواڕۆژ باسی له‌وه‌كرد: نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە و پێشتر چارەسەرم لە تورکیا کردووە و دەبێت شەش مانگ جارێک سەردان بکەم، ئەمجارە ڤیزاکە دوایخستووم.

نەهلە باپیر، دەڵێت: "ئەگەر پێنەدانی ڤیزا درێژە بکێشێت، ئەوا بۆ من خراپ دەبێت و رەنگە تەندروستیم تێکبچێت".

راگرتنی پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی کوردستان جگە لەوەی زیانی بۆ کۆمپانیاکانی گەشتیاری دەبێت، خودی تورکیاش زەرەمەند ده‌بێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، ساڵی ڕابوردوو تورکیا لەڕێگەی کەرتی گەشتیارییه‌وه‌ 30 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بڕی ئەو قازانجە زیاتر بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure