پارتی: "کوردێکی دڵسۆز و دەستپاکی بێلایەن" هەڵدەبژێرین بۆ پارێزگاری کەرکوک

هەواڵ / کوردستان :: 24/06/2019‌ :: 1933‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیمد جەباری

بەرپرسێکی کورد ئاشکرایکرد: (سبەی سێشەممە 25ی حوزەیران) لەبەغدا کۆبونەوەیەک ئەنجامدەدرێت سەبارەت بەیەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک، چەختیشدەکاتەوە: کە کۆبونەوەکە لەسەر دانانی کەسێکی بێلایەنە بۆ پۆستی پارێزگار.


شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی وەفدی دانوستانکاری پارتی لەبەغدا بەدواڕۆژی راگەیاند: "ئەو کۆبونەوەیەی سبەی ئەنجامدەدرێت، درێژەی ژمارەیەک کۆبوونەوەی پێشترە کە بەبەشداری پێکهاتەکان ئەنجامدراوە و لەسەر دۆسیەی ئەمنی کەرکوک هەنگاوی باشمان بڕیوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بگەین بەئەنجام".

وتیشی: "لەکۆبونەوەکەدا یەکێتی و پارتی یەک پڕۆژەیان هەیە و لەداواکارییەکانیشدا یەک هەڵوێستین کە بریتییە لە رادەستکردنەوەی مەلەفی ئەمنی شارەکە بەهێزە خۆجێییەکان و بوونی هەمەهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەدەوروبەری کەرکوک و دواتریش ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە".

ئەوەشی خستەڕوو: کە جگە لەوەفدی یەکێتی و پارتی، وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبەغدان و بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکتر کۆبوونەوە و دانوستانەکان ئەنجامدەدرێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی نەیشاردەوە کە راستەوخۆ دوای چارەسەرکردنی دۆسێی ئەمنی، پرسی پارێزگاری کەرکوکیش تاوتوێدەکەن و کەسایەتییەکی "کوردی دڵسۆز و دەستپاک" هەڵدەبژێرن کە پارتی سورە لەسەر ئەوەی کەسێکی بێلایەنی سەربەخۆ ئەو پۆستە وەربگرێت.

شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: کە جارێکی دیکە رێگە نادەن کەسانێک ببنە پارێزگار کە پێشتر تاقیکرانەوە و ببوونە مایەی سەرئێشە بۆ کورد لەپێشەوەی پێکهاتەکانی دیکە.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجامدەدرێت و جگە لە وەفدی یەکێتی و پارتی، پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانیش تێیدا بەشدارن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure