"جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی لاوازە و له هەولێر بەهێزترە"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 24/06/2019‌ :: 626‌ جار بینراوە
بورهان عەلی

دواڕۆژ، چاوپێكەوتنی سامان قوبادی

بەوتەی بازرگانێك جموجۆڵی بازرگانی لە سلێمانی لاواز بووە و زۆربەی بازرگانان روویان لە هەولێر كردووە، بورهان عەلی خاوەنی كۆمپانیای بورهان بۆ بازرگانی كەلوپەلی خۆراك لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات: رێنماییە تازەكانی گومرگ و زیادكردنی باج وای كردووە بازرگانان هێنانی كاڵا بۆ شارەكانی هەرێم كەمبكەنەوە.


دواڕۆژ: بەوپێیەی بنكەی سەرەكیتان لەشاری سلێمانییە، ئایا دۆخی بازاڕ و بازرگانی ئەم شارە چۆنە؟
بورهان عەلی:
ئێمە لە بواری مەوادی خۆراكیدا كاردەكەین، لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا و ئاسیا هاوردەی عێراقی دەكەین، رەوشی بازرگانی لەسلێمانی لاوازە، ئێمە لە بازاڕەكەداین و ئاگاداری دۆخەكەین، بۆیە بەپێی خواست نییە، هۆكاری سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ رێكخستنەوەی گومرگ و زیادكردنی باجی گومرگی، وەكو خۆمان كاڵاكانمان بۆ هەموو عێراقە، پشتی سەرەكیشمان بە هەولێر و بەغدا بەستووە.

دواڕۆژ: باس لە جیاوازی نێوان هەولێر و سلێمانی دەكرێت، ئایا پێتوایە بۆچی ئەم جیاوازییە دروستدەكرێت لە رەوتی بازرگانیدا؟
بورهان عەلی:
بۆ بازرگانان هەولێر بەهێزتر و باشترە، جموجۆڵی بازرگانی زۆرە بەوپێیەی پایتەختە، وەزارەتەكان و سەفارەتەكان لەوێن، هەروەها زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان روویان لە هەولێر كردووە و لەوێ رێگەیان بۆ خۆشدەكرێت و زەمینەسازییان بۆ كراوە، تەنانەت ئوتێل و ریستۆرانتەكانی هەولێر بازاڕێكی زۆر باشتریان هەیە، بۆیە كاڵاكان زیاتر لەوێ خواستی لەسەرە، ئەمانە جیاوازییە بازرگانییەكەیان دروستكردووە، سیاسەتیش بەجۆرێك لە جۆرەكان كاریگەریی هەبووە بۆ ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی لە سلێمانی كەمببێتەوە روو لە هەولێر بكات.

دواڕۆژ: ئایا راستە بازرگانانی سلێمانی بەهۆی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەم شارەوە روو لە هەولێر دەكەن؟
بورهان عەلی:
خەڵكێكی بیانی زۆر روو لە هەولێر دەكەن، جگە لەوە لەڕووی گەشتیارییەوە ئەو شارە بایەخی پێدەدرێت و گەشتیارێكی زۆر رووی تێدەكات، بۆیە كار و كەسابەت لە هەولێرە، ئەگەر لەبواری گەشتیارییدا ئاوڕ لە سلێمانی بدرایەتەوە، ئەم شارەش بەو شێوەیەی ئێستا نەدەبوو، چونكە گەشتوگوزار بناغەی سەرەكی ئابوری وڵاتە، بەڵام كێشەی سەرەكی لەئێستادا كە بۆ بازرگانان دروستكراوە لەسەر خاڵە گومرگییەكانە، ئێمە لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هیچ كێشەیەكمان نییە، چونكە جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو لە هەرێم گرفتمان بۆ دروستدەكرێت، گومرگێكی زۆر دەدەین و داوای كۆمەڵێك بڕوانامە دەكەن كە كێشەی زۆریان بۆ بازرگانان دروستكردووە، ئەو رێنماییە گومرگییانەی دەركراون تەنیا هەرێمی كوردستان كاریان پێدەكات، بۆیە ناتوانین بە ئاسانی كاڵاكان داخڵی هەرێم بكەین.

دواڕۆژ:  كەواتە وەكو بازرگانان پێتانوایە چارەسەر چییە؟
بورهان عەلی: تائێستا حكومەت و هیچ لایەنێك هەوڵی چارەسەریان نەداوە، بەڵام ئەگەر ئەم كێشانە بەردەوامبن، كاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لەسەر جموجۆڵی بازرگانی، پێویستە بەزووترین كات پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بێنەدەنگ. 

دواڕۆژ: كەواتە دۆخی بازرگانی لەمە خراپتر دەكات؟
بورهان عەلی: چەندین كۆمپانیا هەیە ئێستا ناتوانن كاڵاكانیان بهێننە هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆریان وازیان لە كارەكەیان هێناوە، چونكە زۆربەی كاڵاكانی كۆمپانیا و بازرگانان لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە دەهێنرێنە عێراق و دابەشی هەموو شارەكان دەكرێن، بۆیە ئەگەر كێشە بۆ بازرگانان دروستبكەن، هێنانی كاڵا  كەمدەكرێتەوە نەك تەنیا بۆ هەولێر و سلێمانی، بەڵكو هەموو عێراق.


دواڕۆژ: زۆربەی بازرگانان كاڵای ئەوروپی و توركی هاوردەی عێراق دەكەن، ئایا دابەزینی بەهای تمەن و هەرزانبوونی كاڵای ئێرانی خواستی لەسەر كاڵای تر كەمكردووەتەوە؟
بورهان عەلی:
ئەو كڕیارانەی مەواد دەكڕن، هاوكات مەوادی ئێرانییان بۆ دەچێت، بەشێكیان قبوڵیانە كوالێتییەكەی نزم بێت، چونكە نرخەكەی زۆر نزم بووەتەوە بەهۆی تمەنەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كاری ئەو بازرگانانە هەیە كە كاڵای كوالێتی بەرزی ئەوروپی دەهێننە عێراقەوە، بەڵام ئێستا لەڕێگەی توركیا و دەروازەكانی خوارووی عێراق بەشێكی كاڵاكان داخڵ دەكەین نەك لە ئێرانەوە، چونكە باجێكی زۆری دەخرێتەسەر، هەرچەندە نرخی گواستنەوەش گرانتر دەبێت كە كاریگەریی لەسەر نرخی كاڵاكان هەیە. 

دواڕۆژ: وەكو بازرگانان داواكاریتان چییە؟
بورهان عەلی:
داواكارین حكومەت لەگەڵ بازرگانە دیارەكانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە یان كۆنفرانسێك ئەنجامبدرێت، باس لە كێشە و گرفتەكانی بازرگانان و رەوتی بازرگانی بكرێت تا ئێمەش كێشەكانی خۆمان بخەینەڕوو، حكومەتیش چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure