چوار وڵات لە راگەیاندراوێکدا مەترسییەکانى ئێرانیان خستەڕوو

هەواڵ / جیهان :: 24/06/2019‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لیژنە چوار قۆڵییەکەى (ئەمریکا، بریتانیا، سعودیە و ئیماڕات) لە راگەیاندراوێکدا نیگەرانییەکانى خۆیان لەمەڕ ئەو بارگرژییانە دەربڕى کە لە ناوچەى کەنداوى عەرەبى هاتۆتە ئاراوە و مەترسییەکانى هەژموونى ئێران-یشیان بە تێکدانى ئاسایشى ناوچەکە و یەمەن وەسف کرد.


لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئەو هێرشانەى کرابوونە سەر هەردوو گوێزەرەوەى نەوتى فوجەیرە لە 12ى ئایار و کەنداوى عومان لە 13ی حوزەیران، هەڕەشەن بۆ سەر رێڕەوە دەریاییە نیودەوڵەتییەکانى ئەو ناوچەیە.

هەر لەو روانگەیەوە پەیامێک ئاڕاستەى ئێران کرا، تاوەکو هەڕەشەکانى بۆ سەر ئەو ناوچەیە رابگرێت و بەدانوستان کێشەکانى چارەسەر بکات بۆ نەهێشتنى ئەو بارگرژییەى لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە.

لە لایەکى دیکەشەوە داوایان لە حوسییەکان کرد کە چیتر بەهاوکارى ئێران موشەک ئاڕاستەى خاکى سعودیە نەکەن کە پێشتر بە چەند موشەکێکى ئێرانى و فڕۆکە بێفڕۆکەوان چەند بنکەیەکى سەربازى ئەو وڵاتەیان بۆردومان کرد بوو، بەڵکو بچنە سەر مێزى گفتوگۆ و رێککەوتنى حودەیدە جێبەجێ بکەن.

وە: ئاکۆ زەنگەنە
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure