مەسرور بارزانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی دوێنێی لەگەڵ یەكێتی دەباتە لای مەسعود بارزانی

هەواڵ / کوردستان :: 24/06/2019‌ :: 7594‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

 

ئێواره‌ی (ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یران)، نوێنه‌ری كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی كۆبوەتەوە‌ و به‌پێی زانیارییه‌كانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هیچ به‌ره‌و پێشچوونێك نه‌بووه‌ و یه‌كێتی چاوه‌ڕێی دوا وه‌ڵامی بارزانی ده‌كات له‌باره‌ی پرسی كه‌ركوك و به‌شداریكردنی ئه‌و حیزبه‌ له‌ حكومه‌تدا.

 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌: هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو ئێواره‌ی (دوێنێ یەكشه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یران)، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌سرور بارزانی له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی باری ته‌ندروستی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، عیماد ئه‌حمه‌د و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ و له‌تیف شێخ عومه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ: ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابوردووی نێوان شاندی پارتی و یه‌كێتی و پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و گرژییه‌كانی نێوانیان.

 

دواڕۆژ زانیویه‌تی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێدا په‌یامی یه‌كێتیی بۆ مه‌سرور بارزانی ئه‌وه‌ بووه‌، ئه‌گه‌ر ناوێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك دانه‌نرێت ناتوانن به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌: له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی كۆده‌بێته‌وه‌.

 

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا مه‌سرور بارزانی باسی له‌ گرنگی به‌شداریكردنی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت كردوه‌ و داوای كردوه‌ هاوكار بن له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.

 

له‌باره‌ی لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی مەحمود سەنگاوی، نوێنه‌رانی یه‌كێتیی ره‌تیانكردوەته‌وه‌ داوی لێبوردن بكه‌ن و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌: ئه‌وانیش تێبینییان له‌سه‌ر وه‌ڵامی مه‌كته‌بی سیاسی و باره‌گای بارزانی هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌رمییان نواندوه‌ و وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure