بتکوین 10 هەزار دۆلار بەرزدەبێتەوە و وەبەرهێنەران دڵخۆش دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 24/06/2019‌ :: 337‌ جار بینراوە
بتکوین

دواڕۆژ

هەفتەى رابوردوو به‌هاى دراوى گریمانه‌یى (بتکوین) 10 هەزار دۆلارى تێپەڕاند و بەمەش بەرزترین ئاستى خۆى له‌ماوه‌ى 15 مانگى رابوردوودا تۆمارکرد.


بەپێی ئاژانسى (بلومبێرگ): دراوى بتکوین بە رێژەى 5% بەرزبوەته‌وه‌ و به‌هاكه‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ 10.500 دۆلار، ئەمەش به‌رزبونه‌وه‌كه‌ى به‌ر له‌ دوو ساڵى ئه‌و دراوه‌ى هێنایه‌وه‌ یاد كه‌ وایكرد وه‌به‌رهێنه‌رانى كلاسیكى وه‌به‌رهێنان له‌ بتكویندا بكه‌ن، به‌ر له‌وه‌ى جارێكى تر روو له‌ دابه‌زین بكاته‌وه‌.

جۆرج مه‌کدۆناف، سەرۆکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى (کەی ئاڕ 1)ى بریتانى بۆ وەبەرهێنان لە بلۆکی چین و دراوە ئه‌لیکترۆنییەکاندا رایگه‌یاند: بەرزبوونەوەى بتکوین ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى دراوى نه‌ختینه‌ پشتی لەو دراوە ئه‌لیکترۆنییە نەکردوە، بەڵکو هاوشانیه‌تى و  چاوەڕوانى ئەوە دەکات بگەڕێتەوە لاى و بینیشمان کە ئه‌وه‌ روویدا.
 
به‌هاى بتكوین لە ساڵى 2017دا بەرزترین ئاستى له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى ئه‌و ساڵه‌دا تۆماركرد كاتێك گه‌یشته‌ 19,511 دۆلار، واتا به‌رزبونه‌وه‌ بە رێژەى 1400%، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ وه‌ك بڵقێك ساڵى رابوردوو ته‌قى و دراوه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 74%ى به‌هاكه‌ى له‌ده‌ستدا و له‌ كانونى یه‌كه‌مى 2018دا گه‌یشته‌ 3.100 دۆلار.

به‌پێى ئاژانسه‌كه‌: به‌پێچه‌وانه‌ى ساڵى رابوردوو ئاماژه‌كانى ئه‌مساڵ گرنگیپێدانى وه‌به‌رهێنه‌ران به‌و جۆره‌ دراوانه‌ نیشانده‌دات، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابوردوو فه‌یسبوك رایگه‌یاند سوره‌ له‌سه‌ر خستنه‌ڕووى دراوى ئه‌لیكترۆنى تایبه‌ت به‌ خۆى.

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure