باوکی ئەو منداڵەی دەستدرێژی کرایەسەر: هەڕەشەم لێدەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 23/06/2019‌ :: 1203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عزیز

بەهۆی ئازادكردنی تۆمەتبارانی کەیسی منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان لەشاری هەولێر، کەسوکاری ئەو منداڵه‌ لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری گردبوونه‌وه‌و وتی: "تۆمەتباره‌كان هەڕەشەم لێدەکەن کە دەست لە کەیسەکە هەڵگرم".


لوقمان ئیسماعیل باوکی ڤالان ئەو منداڵەی پێش دوو مانگ لەلایەن پێنج کەسەوە دەستدرێژی کرابووه‌سەر، ئەمڕۆ لەگردبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتبارانە ئازادکراون و لەئیستادا هەڕەشەی لێدەکەن کە چیتر قسە نەکات و دەست لە کەیسەکە هەڵگرێت.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: "لە بنکەی ڕاستی شاری هەولێر فشارم خراوەتەسەر تاوەکو کەیسەکە بگۆڕم و لەبەرژەوەندی ئەو تۆمەتبارانە دەست هەڵگرم"، وتیشی: "بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکان لەلایەن بەرپرسێکەوە پاڵپشتیان دەکرێت، هەوڵدەدرێت کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت".

باوکی منداڵەكه‌ ئاماژەی بەوەشکرد: لەئیستادا کچەکەی بە دۆخێکی سەختی دەروونیدا تێپەڕدەبێت و پێویستی بە چارەسەر هەیە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شەهرام میرحاج، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری لەکاتی گردبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەستیپێکردووە و تۆمەتبارانیش دەستگیرکراونەتەوە.

وتیشی: "چاوەڕێی کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانن و لەداهاتوودا ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی دەخەنەڕوو".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure