"هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئافره‌تان"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/06/2019‌ :: 764‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


به‌پێی وته‌ی بەشێک لە چالاكوانه‌كانی مافی مرۆڤ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان ده‌ستدرێژییان كردۆته‌ سه‌ر ئافره‌تان و ژماره‌ی قوربانییه‌كان له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ باسیان لێوه‌ده‌كرێت، هێشتا خه‌ڵكانێك هه‌ن قوربانی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ن و قسه‌ ناكه‌ن.

 

سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ سه‌ربازێكی عێراقی له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌ركه‌وت، كه‌ گێچه‌ڵ به‌ مناڵێكی بچوك دەكات، باس له‌وه‌شده‌كات، كه‌ هاوڕێیه‌كی دەستدرێژی كردۆته‌ سه‌ر دایكی ئه‌و مناڵه‌، له‌سه‌روبه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گرته‌ ڤیدیۆییه‌ و هاوشێوه‌كانی توڕه‌یی و بێزارییه‌كی گه‌وره‌ لای خه‌ڵك و به‌رپرسان دروستبوو، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌و كه‌سانه‌ی جلی سه‌ربازییان له‌به‌ردابووه‌، ناوبانگی سوپای عێراقییان ناشرین كردووە".

 

رۆژنامه‌ی " ئەلعەرەبیل جەدید" نووسیویه‌تی هه‌مان سیناریۆ له‌ پارێزگای كه‌ركوك روویداوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ موسڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ "ئەلعەرەبیل جەدید"ی وتووه‌ "ده‌ستدرێژییه‌كان كه‌ له‌ ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر ئافره‌تان، ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن زۆرینه‌یان سوپا و پۆلیسی فیدراڵین، قوربانییه‌كانیش ئه‌و ژنانه‌ن كه‌ به‌ركه‌وته‌ و قوربانی شه‌ڕن، كه‌مێرده‌كانیان یان باوك و برا و كوڕه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ شه‌ڕدا".

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌: "ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی ده‌ستدرێژیكردن‌، سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نوری مالكی بیری خه‌ڵك ده‌خاته‌وه‌، مانه‌وه‌ی بارودخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ واده‌كات خه‌ڵك زیاتر رقی له‌ پیاوانی ئاسایش ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كێشه‌ی ئه‌منی و پێكدادانی نێوان عه‌شایه‌ر و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لێدەكەوێـتەوە".

 

مزاحم حه‌وێت شێخێكی عه‌شایه‌ری موسڵه‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌یكه‌نه ‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، ناكرێت به‌ حاڵه‌ت بژمێردرێن، چونكه‌ زۆر زۆر بوون، پێویسته‌ به‌توندی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كاربكرێت.

 

مسته‌فا سه‌عدون به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ ده‌ڵێت: "ده‌ستدرێژییه‌كان كه‌ له‌ ناوچه‌كانی عێراق رووده‌ده‌ن، ئاسایی نین، به‌ڵكو به‌تاوان پۆڵێنده‌كرێن، حكومه‌تیش هیچ سزا و لێپێچنه‌وه‌یه‌كی نییه‌ له‌سه‌ر‌ی، له‌كاتێكدا كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌رپێچی یاسا و مافه‌كانی مرۆڤیان كردووه‌، ته‌نانه‌ت نه‌بوونی سزای توند وایكردووه‌، ده‌ستدرێژیكردنی به‌ كۆ‌مەڵ بكرێت".

 

وتوشیه‌تی: "له مانگێكدا زیاتر له‌ رووداوێكی ده‌ستدرێژیكردنه ‌سه‌ر‌ مناڵان و ژنان روویداوه‌، چه‌ندین تاوانی تریش هه‌ن ئاشكرانه‌كراون، ئێمه‌ پێمان نه‌زانیون".

 

هاوكات عه‌مید یه‌حیا ره‌سول وته‌بێژی ئۆپراسیۆنه‌ هاوه‌به‌شەكانی عێراق به‌ "ئەلعەرەبیل جەدید"ی راگه‌یاندووە: دادگای سه‌ربازی سزای هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌دات كه‌ له‌و كرده‌وانه‌دا تێوه‌گلاون، ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا كراون، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ پێكهێنراوه‌، ئه‌وانه‌ش له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوون ده‌ستگیركراون، هه‌واڵه‌ی دادگا كراون".

جه‌ختیشی كردووەته‌وه‌: "بێگومان ئه‌وانه‌ سزاكه‌یان توند ده‌بێت".

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure