یه‌كێتی پێشنیارێكی پارتی ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/06/2019‌ :: 5359‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌باره‌ى پرسی كه‌ركوك و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، پارتی چه‌ند پێشنیارێكی داوەتە یه‌كێتی، ئه‌ویش پێی رازی نه‌بووه‌و ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌و به‌ یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌ له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا كێشه‌ی پارێزگارى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

هه‌ر بۆیه‌ پارتی پشتبه‌ست به‌و بابه‌ته‌، داوای له‌ یه‌كێتی كردووه‌ كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كانی پێشكه‌ش بكات، به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.

له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاندووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی پرسی پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆسته‌ باڵاكان و وه‌زاره‌ته‌كان نابێت.

به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كابینه‌ی نوێدا جێگرێكی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و شه‌ش وه‌زاره‌تی به‌رده‌كه‌وێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تی پارتی سووره‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت و به‌نیازه‌ پێش 12ی ته‌مموز كه‌ دوا واده‌یه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌، حكومه‌ت به‌ بێ پۆست و وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی پێكبهێنێت.

له‌پێكهێنانی كابینه‌ی نوێدا، پارتی پشتی به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و سۆسیالیست و توركمانه‌كان و پێكهاته‌كان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ستووه‌و ته‌نیا پۆسته‌كانی یه‌كێتی به‌ به‌تاڵی ده‌هێڵرێته‌وه‌.

پێشتر چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی، وه‌كوو په‌یامێك بۆ پارتی، رایانگه‌یاندووە كه‌ حكومه‌تی داهاتوو به‌ بێ وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی، له‌ دێگه‌ڵه‌ به‌ملاوه‌ ده‌سه‌ڵاتی نابێت.

ئا: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure