جه‌بار گۆران: له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ 60 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ ده‌كرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 715‌ جار بینراوە
جه‌بار گۆران

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سامان قوبادى

بازاڕه‌ داراییه‌كان بڕبڕه‌ى پشتى ئابورى هه‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنن، به‌ڵام تائێستا هه‌نگاویان نه‌ناوه‌ بۆ به‌دامه‌زراوه‌یى و به‌ بۆرسه‌ بوون، جه‌بار گۆران خاوه‌نى كۆمپانیاى فه‌ره‌یدون بۆ ئاڵوگۆڕى دراو له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ دواڕۆژ باس لە هۆكاره‌كانى په‌ره‌نه‌سه‌ندنى ئه‌م بازاڕه‌ و رێگاچاره‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: "رۆژانه‌ زیاتر له‌ 60 ملیۆن دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت".

دواڕۆژ: بۆچى بازاڕه‌ دارییه‌ بچووكه‌كان له‌ هه‌رێمى كورستان هه‌نگاو نانێن بۆ بوون به‌ بۆرسه‌ و دامه‌زراوه‌یی بوون، ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ى ئاڵوگۆڕى دراودا كار ده‌كه‌ن؟ 
جه‌بار گۆران:
لایه‌نى سه‌ره‌كى بۆرسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشكى كۆمپانیاكانى تێدا ده‌فرۆشرێت، به‌تایبه‌ت  ئاڵتوون و نه‌وت له‌ ده‌ستى یه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ده‌ستى دووه‌م كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن ده‌ڵاڵیان پێده‌وترێت، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ بازاڕه‌ داراییه‌كانى كوردستان جیاوازییه‌كى زۆرى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بۆرسه‌ و بازاڕه‌ جیهانییه‌كان، له‌ كوردستان بازاڕى دارایى بۆرسه‌ نییه‌، له‌م بازاڕه‌ دارییانه‌ى كه‌ پێیده‌وترێت دۆلاره‌كه‌، نه‌وت و ئاڵتون هیچ پشكێك مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ناكرێت، له‌سه‌ر ئاستى تاك كۆمپانیا هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، به‌ڵام نه‌بووه‌ته‌ دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى بازاڕه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ پێى ده‌ڵێین بازاڕى دۆلاره‌كه‌، ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ى مینى ماركێتدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌و مامه‌ڵه‌ى دراوى تێدا ده‌كرێت كه‌ به‌شێكی بچووكه‌ له‌ بازاڕى دارایى، بوونى بۆرسه‌ش نابێته‌هۆى له‌ناوچوونى كۆمپانیا سه‌رافییه‌كان. 

دواڕۆژ: ئایا حكومه‌ت رێگره‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنى ئه‌م بازاڕه‌ داراییانه‌ و ده‌بێت ته‌نیا كاریان ئاڵوگۆڕى دراو بێت؟
جه‌بار گۆران:
به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام مادام ده‌وڵه‌ت نین، هه‌ندێك شت له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نییه‌، له‌ به‌غدا بانكى مه‌ركه‌زى هه‌یه‌، له‌ هه‌رێم نییه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌غداوه‌، به‌پێى سیاسه‌تى نه‌ختینه‌یى عێراق ناتوانین په‌یوه‌ندییه‌كى گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ بۆرسه‌كانى جیهاندا ببه‌ستین، بۆیه‌ هه‌رێم و ناوه‌ند هۆكارن، هاوكات گه‌نده‌ڵى له‌ ده‌زگاكانى حكومه‌تدا واى كردووه‌ نه‌توانین هه‌نگاو به‌ره‌و چاككردن و به‌ره‌وپێشبردنیان ببرێت و په‌ره‌ به‌ بازاڕه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم بدرێت، لایه‌نێكى تر په‌یوه‌ندى به‌ ئاستى مه‌عریفى ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كارى تێدا ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێك له‌ بازاڕى دارایدا كار بكات پێویسته‌ شاره‌زایى له‌ بوارى دارایى و بانكیدا هه‌بێت، خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى 20 ساڵه‌ ئاڵوگۆڕى دراو ده‌كات، به‌ڵام شاره‌زایى له‌ بازاڕى داراییدا نییه‌، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پاره‌ى پێیه‌ كارده‌كات، له‌ سلێمانى بازاڕى شه‌وكه‌تى مه‌لا و دۆلاره‌ كۆنه‌كه‌ و جگه‌ره‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ بازاڕى دارایى سلێمانى پێكده‌هێنن، هه‌ر وڵاتێك ئه‌م بازاڕه‌ى به‌هێز بوو، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئابورییه‌كى به‌هێزى هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ بۆرسه‌ى ئه‌بوزه‌بى و نیویۆرك و شه‌نگه‌های ئابورى ئه‌و وڵاته‌ گه‌وره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و بازاڕه‌ گرنگانه‌وه‌، بۆیه‌ دۆلاره‌كه‌ى سلێمانیش بڕبڕه‌ى پشتى ئابورى سلێمانی و كوردستانه‌. 

دواڕۆژ: چه‌ند نوسینگه‌ و كۆمپانیاى سه‌رافى له‌ سلێمانى هه‌یه‌؟ رۆژانه‌ له‌م بازاڕه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ چه‌ند ملیۆن دۆلاره‌وه‌ ده‌كرێت؟
جه‌بار گۆران:
له‌ هه‌ردوو بازاڕه‌كه‌دا نزیكه‌ى 200 كۆمپانیا و نوسینگه‌ى سه‌رافى هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ نوسینگه‌یه‌ك 300 هه‌زار دۆلار مامه‌ڵه‌ پێوه‌بكات، كه‌واتە له‌ یه‌ك رۆژدا نزیكه‌ى 60 ملیۆن دۆلار له‌م بازاڕه‌دا مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت، كۆمپانیاش هه‌یه‌ رێژه‌یه‌كى زۆرتر كار پێ ده‌كات، بۆیه‌ هه‌ندێكجار بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت زۆر زیاتره‌. 
      
دواڕۆژ: ئه‌م بازاڕه‌ داراییانه‌ له‌ هه‌رێم ناڕه‌سمین، كه‌واته‌ بۆچى داواتان نه‌كردووه‌ یاسایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ربكرێت و رێكبخرێنه‌وه‌؟
جه‌بار گۆران:
له‌سه‌ر ئاستى تاك هه‌موو كۆمپانیاكانى ئاڵوگۆڕى دراو مۆڵه‌تى ره‌سمی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته‌ دامه‌زراوه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت چه‌ند هه‌نگاوێك بنێت، یه‌كه‌م هه‌موو بازاڕێكى دارایى پێویستى به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى راوێژكاریى هه‌یه‌، دووه‌م ئه‌م بازاڕه‌ په‌یوه‌ست بكرێته‌وه‌ به‌ بۆرسه‌كانى جیهان وه‌ك شه‌نگه‌هاى و ئیمارات و ئیسته‌نبوڵ، ئه‌مه‌ش جوڵه‌ى ئابورى و بازرگانى چه‌ند قاتى ئه‌وه‌ى ئێستا زیاد ده‌كات، قورسه‌ كه‌سێك به‌ته‌نیا بۆرسه‌ دابمه‌زرێنێت،  بۆ نموونه‌ پێویسته‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار بخه‌وێنێت تووشى كێشه‌ى زۆر ده‌بێت، چونكه‌ خه‌ڵكى هه‌رێم مه‌عریفه‌ى ته‌واویان نییه‌ له‌سه‌ر بۆرسه‌، تا ئه‌و كاته‌ى كه‌سه‌كه‌ قازانج ده‌كات هیچ ناڵێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ زه‌ره‌ر، خاوه‌نى بۆرسه‌كه‌ رووبه‌ڕووى كێشه‌ى گه‌وره‌ ده‌كات، پێشتر دوو كۆمپانیا له‌ سلێمانى بۆرسه‌یان دامه‌زراند تووشى زه‌ره‌ر بوون و خه‌ڵك سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردن، بۆیه‌ ده‌بێت بكرێته‌ دامه‌زراوه‌ و یاسای بۆ ده‌ربكرێت و ده‌ڵاڵیش كارى تێدا بكات.

دواڕۆژ: بازاڕى دۆلاره‌كه‌ی سلێمانى به‌ چه‌ند بازاڕى جیهانییه‌وه‌ گرێداوه‌؟
جه‌بار گۆران:
ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیاكانه‌، بۆ نموونه‌ كۆمپانیاكه‌ى ئێمه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ 36 وڵاتدا هه‌یه‌، زۆربه‌ى كۆمپانیاكان له‌سه‌ر ئاستى عێراق و جیهان چه‌ند لقێكیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ رێكنه‌خراوه‌ له‌چوارچێوه‌ى دامه‌زراوه‌یدا. 

دواڕۆژ: ئایا هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ بانكه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند هه‌یه‌، بۆچى متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ نوسینگه‌یه‌كى سه‌رافیى زیاتره‌ له‌ بانكێك؟
جه‌بار گۆران:
رۆژانه‌ ئه‌و دۆلاره‌ى بانكه‌كه‌ ده‌یخاته‌ڕوو به‌شێكى له‌لایه‌ن كۆمپانیا سه‌رافییه‌كانى سلێمانییه‌وه‌ ده‌كڕدرێت، حكومه‌تى هه‌رێم هۆكاره‌، به‌هۆى قه‌یرانى دارییه‌وه‌ خه‌ڵكێكى زۆر پاره‌ى له‌ بانكه‌كاندا بوو، پاش ئه‌وه‌ى به‌شێكیان مایه‌پووچ بوون، متمانه‌ له‌نێوانیاندا نه‌ما، كاتێك 10 هه‌زار دۆلار له‌ بانکێك داده‌نێیت پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ته‌وێت وه‌ریبگریته‌وه‌، به‌ڵام سیوله‌ى نییه‌، ناشتوانرێت هیچى له‌گه‌ڵدا بكرێت، ته‌نیا چه‌ند رێوشوێنێكى یاسایى نه‌بێت كه‌ كاتێكى زۆرى پێویسته‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ نوسینگه‌یه‌ك یان كۆمپانیایه‌كى سه‌رافى دابنرێت، له‌كاتى خۆیدا ده‌تداته‌وه‌و پێویستیشه‌ دواى نه‌خات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسى تێدایه‌، به‌ڵام قه‌یرانى دارایى متمانه‌ى خه‌ڵكى به‌ بانك زۆر كه‌مكرده‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كۆمپانیا و نوسینگه‌ سه‌رافییه‌كان متمانه‌یانه‌ زیاتره‌، خه‌ڵكى سه‌رمایه‌دارن و پاره‌ى باشیان هه‌یه‌.

دواڕۆژ: له‌ دروستكردنى جوڵه‌ى  بازرگانی و متمانه‌دا له‌سه‌ر ئاستى عێراق بازاڕى دارایى سلێمانى (دۆلاره‌كه‌) له‌ پله‌ى چه‌نده‌مدایه‌؟
جه‌بار گۆران:
له‌سه‌ر ئاستى عێراق له‌ دواى هه‌ولێر، سلێمانى به‌پله‌ى دووه‌م دێت وه‌ك بازاڕى دارایى له‌ ئاڵوگۆڕى دراو و دروستكردنى جوڵه‌ى بازرگانى، هه‌ندێكجار به‌پێى ئه‌و ئاڵوگۆڕى تمه‌نه‌ى له‌ بازاڕى شه‌وكه‌تى مه‌لا ده‌كرێت له‌پێشى هه‌موو بازاڕه‌ داراییه‌كانى عێراقه‌وه‌یه‌.

دواڕۆژ: ده‌وترێت قوڵبوونه‌وه‌ى گرژیه‌كانى نێوان ئێران و ئه‌مریكا به‌ پله‌ى یه‌كه‌م كاریگه‌ریى له‌سه‌ر بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى هه‌بووه‌، ده‌ڵێیت چى؟
جه‌بار گۆران:
كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر ئابورى وڵاتانى دراوسێ و كه‌نداو هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێراندا وه‌كو تونێلێكین ئه‌و سه‌ریمان لێ دیار نییه‌، گرژییه‌كانیش به‌ته‌واوى به‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانییه‌وه‌ دیاره‌و ئاڵوگۆڕى دراوى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ سست كردووه‌، به‌هۆى چاوپۆشى ئه‌مریكا له‌ عێراق و هه‌رێم هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كانمان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستى پچڕان.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure