پێنج مانگە پێشمەرگەیەک لە ناوچەیەکی ھەرێم بێسەروشوێنە

هەواڵ / کوردستان :: 22/06/2019‌ :: 595‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

نزیکەی پێنج مانگە دوو ھاوڵاتی ھاوکات یەکێکیان پێشمەرگەیە بێسەروشوێنن کە لە ئەنجامی ھێرشێکی ھێزە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا لە سەر روباری زێی گەورە دوو لە ھاوڕێکانیان شەھید بوون و ئەمانیش تائێستا دیارنین.


کوڤان محەمەد عومەر، برای یەکێک لەو دوو کەسە بێسەر و شوێنبووانە بە دواڕۆژی راگەیاند: "لە رۆژی یەکشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2019 براکەی لەگەڵ سێ کەسیتر لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی بۆ راوەماسی دەچنە سەر روباری زێی گەورە لە پشت چیای مەتین".

وتیشی: "دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی مەبەست کە بۆ راوەماسی چووبوون، دوای سێ رۆژ مانەوەیان لەو شوێنە لە شەوی 23ـی کانوونی دووەم دەبنە ئامانجی بۆردومانی ھێرشێکی ھێزە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا".

کوڤان وتی: "بۆ ھێنانی تەرمەکانیان کەسوکاریان چوونەتە شوێنی روداوەکە و تەرمی دوانیان دوزرایەوە و دوانیتریش دیارنەبوون".

ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای بێسەروشوێنبوونیان کەسوکاری (رێدار محەمەد عومەر و وەحید باقی) بەدواداچوون و گەڕانیان دەستپێکرد، تا ئەمرۆ بە دوایاندا دەگەڕێن و ھیچ زانیارییەکمان بە دەست نەگەیشتووە".

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو دوو کەسە لە ژیاندا ماون یان نا، برای رێدار وتی: "لە سەدا سەد گومانمان ھەیە لە ژیاندا ماون و گەریلاکانی پەکەکە بە باوکی یەکێکیان وتبوو ئەوان لەلای ئێمەن، دوای ئەو قسەیە کەسوکاریان چوونەتە لای ئەوان بەڵام قسەی خۆیان گۆڕی و پێیانوتن، لای ئێمە نین و حاشایان کرد".

راشیگەیاند: "نزیکەی پێنج مانگە براکەم و وەحید بێسەر و شوێنن کە براکەم پێشمەرگە بووە و تەمەنی 26 ساڵ بووە".

بەپێی زانیارییەکان بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا لە سنوری قەزای ئامێدی لە ماوەی دوو ساڵدا 21 ھاووڵاتی شەھیدبوون و ژمارەیەک برینداریشی لێکەوتەوە.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure