بەڵێندەران: نزیكەی 250 پڕۆژە لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیان پێكردووەتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 25/06/2019‌ :: 237‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

بەرپرسی بەشی یاسايی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەران رایدەگەیەنێت "حكومەتی هەرێم لەماوەی شەش مانگی رابووردوو 200 ملیۆن دۆلاری داوەتەوە بە قەرزی بەڵێندەران، دەشڵێت "بەهۆیەوە نزیكەی 250 پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەواو نەكراو دەستكراوەتەوە بەكار تێیاندا".


پێشەوا عومەر، بەرپرسی بەشی یاسای لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەران، بە دواڕۆژی وت: "لەماوەی شەش مانگی رابووردوو دووجار پارەی قەرزی بەڵێندەران لەلایەن حكومەتەوە دراوەتەوە، هەر جارێكیان بڕەكەی 100 ملیۆن دۆلار بووە، ئەویش بە رێژەكانی (15% و 20%) دراوەتەوە بە بەڵێندەران، كاتی خۆشی بەڵێندەران لە 35%ی قەرزەكانیان لە حكومەت وەرگرتووەتەوە، بۆیە ئێستا لە 25% قەرزی بەڵێندەران لای حكومەت ماوە".

وتیشی: "بەهۆی پێدانەوەی ئەو بەشە قەرزانە بە بەڵێندەران، نزیكەی 250 پڕۆژەی تەواونەكراو لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كەوتونەتەوە كار، ئەوانیش زۆرترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانن".

پێشەوا عومەر، ئاماژەی بەوەشدا "بەهۆی دەست پێكردنەوەی ئەو پڕۆژە تەواو نەكراوانەوە بازاڕی كار بەشێوەیەكی بەرچاو جوڵاوە، ساڵانی (2012- 2013)، بە بەردەوامیی 130 هەزار فەرمانبەرمان هەبوو كاری لە پڕۆژەكان دەكرد، بەڵام لەدوای دەست پێكردنی قەیران ئەو رێژەیە گەیشتە نزیكەی دوو هەزار، لە ئێستادا وردە وردە ئەو كەسانە دەچنەوە سەر كاری خۆیان و بازاڕ دەبوژێتەوە".

باسی لەوەشكرد "كاتی خۆی بەهۆی قەیرانی داراییەوە چوار هەزار و 300 پڕۆژە راگیرا، نزیكەی دوو هەزار پڕۆژەیان لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەن، ئێستا نزیكەی لە 30% پڕۆژەكان كەوتونەتەوە كار و بەهۆیەوە دەستی كاریش لە پڕۆژەكانی بەڵێندەران دەست پێدەكاتەوە".


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure