كه‌مپینێك له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ده‌ستدرێژى كردنه‌سه‌ر منداڵه‌كه‌ى هه‌ولێر پێكده‌هێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 22/06/2019‌ :: 452‌ جار بینراوە
تۆمه‌تباران به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراون

دواڕۆژ

پاش به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردنى تۆمه‌تبارانى ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر منداڵێك له‌ هه‌ولێر، پارێزه‌رێكى راوێژكار رایده‌گه‌یه‌نێت: كاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نادروست ئه‌نجامدراوه‌ و تۆمه‌تباران كه‌فاله‌ت نایانگرێته‌وه‌ و ده‌شڵێت: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كه‌مپینێك له‌ پارێزه‌ران پێكده‌هێنن.


له‌ 3ى نیسانى رابردوو كچێكى ته‌مه‌ن 8 ساڵان پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ خوێندنگه‌ له‌ هه‌ولێر  له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌ ده‌رفێندرێت و پاش بێهۆشكردنى ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌كرێته‌سه‌ر.

پێشتر لوقمان ئیسماعیل، باوكى ئه‌و كچه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: کچەكه‌م له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ خوێندنگە، له‌لایه‌ن پێنج كه‌سه‌وه‌ (سێ كه‌س و زڕدایكى و خوشکی زڕدایكییه‌وه‌) رفێندراوه‌ و دواتر مادده‌ى هۆشبه‌رى پێدراوه‌ و ده‌ستدرێژى كراوه‌ته‌سه‌ر و راپۆرتى پزیشكیش ئه‌وه‌ى سه‌لماندوه‌.

وتیشى: "دواى ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، له‌ 15ى نیسانى ئه‌مساڵدا، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پێمانڕاگه‌یاندراوه‌ كه‌ تۆمه‌تبارانى كه‌یسه‌كه‌ ده‌ستگیركراون، به‌ڵام رۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن دادگاى هه‌ولێره‌وه‌ به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراون".

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئاسۆ هاشم، پارێزه‌رى راوێژكار رایگه‌یاند: ئه‌و تاوانه‌ زۆر قێزه‌ونه‌، یاساش سزاى توندى به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و جۆره‌ تاوانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن دیاریكردووه‌.

وتیشى: تاوانه‌كه‌ به‌پێى یاسا له‌ مادده‌ى 393 جێگیركراوه‌، به‌تایبه‌تى بڕگه‌ى دووه‌م كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نى نه‌گه‌یشتبێته‌ 18 ساڵ و ده‌ستدرێژى سێكسى بكرێته‌سه‌ر یان ته‌حه‌روشى پێبكرێت، سزاكه‌ى له‌سێداره‌دانه‌.

ده‌رباره‌ى به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردنى تۆمه‌تبارانیش ئه‌و پارێزه‌ره‌ رایگه‌یاند: سنورى به‌كه‌فاله‌ت ئازادكردن به‌ یاسا دیاریكراوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ مادده‌ى 393 و تیرۆر و دزینى شوێنه‌واره‌كان و مادده‌ى 464ى تایبه‌ت به‌ كوشتن له‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ردا نییه‌ كه‌ تۆمه‌تبارانى به‌كه‌فاله‌ت ئازادبكات.

وتیشى: "بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ زوڵمێكى زۆر زۆر گه‌وره‌یه‌، پێویسته‌ هه‌مومان فشارێكى زۆر بكه‌ین و میدیاكان ئاگاداربكرێنه‌وه‌ و تا دادپه‌روه‌رى بگه‌ڕێته‌وه‌".

وته‌كانى ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئه‌مڕۆ له‌میانه‌ى به‌شداریكردنیدا بوو له‌ به‌رنامه‌ى (گزنگ)ى كه‌ رۆژانه‌ له‌ رادیۆى دواڕۆژ پێشكه‌شده‌كرێت.

پارێزه‌ر ئاسۆ ئاشكراشیكرد: كه‌مپینێكیان پێكهێناوه‌ و به‌نیازى فراوانكردنین له‌لایه‌ن پارێزه‌رانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى راى گشتى تا دادگا به‌ ئه‌ركى دادپه‌روه‌رانه‌ى خۆى هه‌ڵبستێت و سزاى تۆمه‌تباران بدرێت.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئاخۆ جێبه‌جێنه‌كردنى سزاى له‌سێداره‌دان هۆكاره‌ بۆ زۆربوونى تاوان، به‌تایبه‌ت تاوانى له‌و جۆره‌ ئه‌و راوێژكاره‌ یاساییه‌ رایگه‌یاند: په‌نجه‌دانان له‌سه‌ر ئه‌و برینه‌، ته‌نها هۆكاره‌كه‌ى جێبه‌جێنه‌كردنى سزاى له‌سێداره‌ نیه‌، به‌ڵكو سزاى سێداره‌ به‌شێكى زۆر بچوكه‌ له‌ پرسى دادوه‌رى و سه‌روه‌رى یاسا.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هۆكارێكى سه‌ره‌كى زۆربوونى تاوان له‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك زۆر ئیعتیبار بۆ دادگا دانانێت، واسته‌ و واسته‌كارى زۆر و ده‌ستێوه‌ردان له‌ دادگا له‌ ئاستێكى زۆر باڵادا وایكردووه‌ خه‌ڵك متمانه‌ى به‌ دادگا نه‌مێنێت.

رونیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر یاسا وه‌ك خۆى جێبه‌جێبكرێت  و دادوه‌ران و دادگا سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ بڕیاردان، تاوان كه‌مده‌بێته‌وه‌ و مافى مرۆڤ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و سه‌روه‌رى یاسا و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.

دوپاتیشیكرده‌وه‌: پێویسته‌ دادگا بچێته‌ سه‌ر سكه‌ى خۆى و به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و دادوه‌رانه‌ كاربكات و ده‌ستێوه‌ردان كه‌مبكرێته‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure