یه‌كێتى هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌ كاندیدى وه‌زاره‌تى داد ئاشكرا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 22/06/2019‌ :: 3436‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا
ئه‌ندامێكى فراكسیۆنى یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایكرد، ناوی كاندیده‌كانی وه‌زاره‌تى دادی عێراقیان له‌ میدیاوه‌ بیستووه‌، به‌ڵام ده‌نگ به‌و كاندیدانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌یهێنێته‌ په‌رله‌مان.

 
دیلان غه‌فور په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2019 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:"ئێمه‌ به‌رفه‌رمی ناوی هیچ كاندیدێكمان پێنه‌گه‌یشتووه‌، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا پێویسته‌ 24 كاتژمێر پێش ده‌نگدان سیڤی كاندیده‌كانیان بۆ بنێردرێت، به‌ڵام ئێمه‌ هیچمان بۆ نه‌هاتووه‌".

وتیشی: "من ناتوانم ئه‌وه‌ پشت راستبكه‌مه‌وه‌ كه‌ كاندیده‌كان كامانه‌ن، ئێمه‌ ناوی كاندیده‌كان به‌تایبه‌ت رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین و ئه‌ركان بیبانی  ته‌نها له‌ میدیاوه‌ بیستووه‌ كه‌ كاندیدن، هه‌روه‌ك ئه‌ركان بیبانی كاندیدی عادل عه‌بدولمه‌هدی خۆیه‌تی، كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و دادوه‌ره‌ و خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "ئێمه‌ ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ده‌ین، چونكه‌ له‌به‌ر بارودۆخی ئێستای عێراق ده‌بێت كابینه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ته‌واو بكرێت".

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد: "هه‌ندێكجار له‌ هه‌ڵبژاردندا، حیزب له‌ چركه‌ ساته‌كانی كۆتایی و چه‌ند خوله‌كێك پێش ده‌نگدان، ئه‌ندامانی خۆی ئاڕاسته‌ده‌كات ده‌نگ به‌ كام كاندید بده‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ده‌ین".

 پێداچونه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure