لێپرسینه‌وه‌ له‌ پارێزگارێک ده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: 22/06/2019‌ :: 834‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا


ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیوانییه‌ به‌نوسراوێكی فه‌رمی بانگهێشتی پارێزگاری كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بێت، بۆ لێپرسینه‌وه‌، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش دەڵێت "هۆكاره‌كه‌ سیاسییه‌".

به‌پێی نووسراوێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیوانییه‌ كه‌ ژماره‌ (45/5645)ی رۆژی (20/6/2019)ی له‌سه‌ره‌ و ئاڕاسته‌ی نووسینگه‌ی پارێزگار كراوه‌، داوای لێده‌كات "ئاماده‌ی دانیشتنی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (27/6/2019)ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ بێت، به‌مەبە‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان كه‌ چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".

هاوكات ساڵح نوری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیوانییە‌ سه‌باره‌ت به‌ لێپرسینه‌وه‌ی پا‌رێزگار، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "داواكاری لێپرسینه‌وه‌ی پارێزگار پاڵنه‌ر و هۆكاری ململانێی سیاسی نێوان فراكسیۆنه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌ن و شەڕی پۆستی له‌پشته‌وه‌یه"‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگار له‌و به‌رواره‌، ساڵح نوری وتی: "له‌ ئێستادا پارێزگاری دیوانییه‌ له‌ مۆڵه‌تدایه‌، چونكه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 28 رۆژ مۆڵه‌تی وەرگرتووە".

له‌سه‌ر هه‌مان پرس زوحا ره‌زا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لێپرسینه‌وه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی سیاسییه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ پارێزگار بكه‌ن، به‌شێكن له‌و پێكهاته‌ سیاسییه‌ی پارێزگاری داناوه"‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: لێپرسینه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداریی و شكستی به‌ڕێوه‌بردن و تێكه‌ڵكردنی كاروباره‌كان و جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكانه‌، نه‌ك ململانێی سیاسی.

سه‌باره‌ت به‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ی پارێزگاریش ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن وتی: "ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە مۆڵەتی وەرگرتووە پێش به‌ده‌ستگه‌یشتنی ئه‌و نوسراوه‌ی ئه‌نجومه‌ن، كە مۆڵه‌تی نه‌خۆشییە‌، به‌ڵام ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ هیچ دادی نادات و له‌و لێپرسینه‌وه‌یه‌ رزگاری ناكات".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure