ئازادكردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆى عادل عه‌بدولمه‌هدى

هەواڵ / کوردستان :: 22/06/2019‌ :: 2704‌ جار بینراوە
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك

دواڕۆژ

گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ هه‌ولێر و ئازادكردنى له‌و دۆسیه‌یه‌ى به‌هۆیه‌وه‌ له‌ به‌یروت ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو، ده‌نگدانه‌وه‌ى جیاجیاى به‌دواى خۆیدا هێنا، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌ڵێت: به‌بڕیارێكى سه‌رۆكایه‌تى لوبنان بووه‌ و به‌ره‌ى عه‌ره‌بیش له‌ كه‌ركوك ده‌یخاته‌ ئه‌ستۆى عه‌بدولمه‌هدى.


شه‌ممه‌ى رابردوو (15ى حوزه‌یران) نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك پاش ده‌ستبه‌سه‌ربوونه‌كه‌ى له‌ به‌یروت-ى پایته‌ختى لوبنان گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر و رۆژى دواتریش له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى نوێى هه‌رێمى كوردستان كۆبوه‌وه‌.

ئه‌و كه‌ له‌ 21ى ئایارى رابردوو له‌لایه‌ن پۆلیسى ئینته‌رپوڵه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌یروت ده‌ستگیركرابوو، به‌پێى ئه‌و سكاڵایانه‌ى پێشتر له‌ دادگاى عێراقى له‌سه‌رى تۆماركرابوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ یاداشتى ده‌ستگیركردنى درابووه‌ پۆلیسى نێوده‌وڵه‌تى چاوه‌ڕوان ده‌كرا راده‌ستى به‌رپرسانى ئه‌منى به‌غدا بكرێته‌وه‌.

به‌ڵام ئازادكردنه‌كه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ى له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا به‌دواى خۆیدا هێنا و جگه‌ له‌ ئاماژه‌دان به‌ "بێبه‌ها بوونى دادگا" له‌ عێراق، ده‌وترێت هه‌وڵه‌كانیش بۆ ریشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵى ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

رۆژنامه‌ى (الاخبار)ى لوبنانى له‌ راپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌شێوه‌یه‌كى نهێنى بووه‌، تا ئه‌وكاته‌ى رۆژى دواتر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى كۆبوه‌ته‌وه‌ و به‌پێى رۆژنامه‌كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌ى لێده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ په‌یامێكه‌ له‌ بارزانییه‌كانه‌وه‌ به‌وه‌ى ده‌توانن پارێزگارى له‌ "لایه‌نگرانیان" بكه‌ن، تۆمه‌ته‌كه‌یان هه‌ر شتێك بێت.

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سێشه‌ممه‌ى رابوردوو له‌میانه‌ى كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ى خۆیدا رایگه‌یاند: "ئینته‌رپوڵى عێراقى و باڵێۆزخانه‌ى عێراق ئه‌ركى خۆیان سه‌باره‌ت به‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم جێبه‌جێكردووه‌، به‌ڵام ده‌رچوونى مه‌رسومێكى كۆمارى لوبنانى رێگه‌ى كردووه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌شتكردنى پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك". دوپاتیشیكرده‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى "كارئاسانى" له‌و پرسه‌دا ناكات.

به‌مه‌ش عه‌بدولمه‌هدى تۆپه‌كه‌ى خسته‌ گۆڕه‌پانى سه‌رۆكایه‌تى لوبنان، وه‌ك ئه‌وه‌ى رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى پێده‌دات.

رۆژنامه‌كه‌ رونیشیده‌كاته‌وه‌ كه‌ باڵیۆزخانه‌ى عێراق له‌ به‌یروت چاودێرى دۆسیه‌ى راده‌ستكردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم-ى كردووه‌ به‌ رێنوێنى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌پڕێكدا داواى "رێكخستنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان"ى لێكراوه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران به‌بێ ئه‌وه‌ى هۆكاره‌كه‌ى ئاشكرابكرێت.

له‌وكاته‌شدا ده‌سه‌ڵاتدارێتى لوبنان یاداشتى تۆمه‌ته‌كانى ناوبراوى وه‌رگرتووه‌، كه‌ تۆمه‌ته‌كانى ناوى سنوردار بووه‌ به‌راورد به‌و تۆمه‌تانه‌ى پێشتر ئاراسته‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم كراوه‌، به‌جۆرێك له‌كاتێكدا پێشتر "ده‌ستدرێژى بۆ سه‌ر ئاسایشى نیشتیمانى عێراقى" له‌خۆده‌گرت بووه‌ته‌ "ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چه‌ند ئۆتۆمبێلێكدا" به‌مه‌ش پرسه‌كه‌ به‌ به‌ڵێنامه‌یه‌كى تۆمه‌تبار بۆ "گه‌ڕاندنه‌وه‌"ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ كۆتایى پێهاتووه‌. كۆتاییه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى رۆژنامه‌كه‌ باسیده‌كات ئاماژه‌ به‌ بونى "جۆرێك له‌ گرێبه‌ست" ده‌كات كه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئازادكردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رۆژى هه‌ینى به‌ره‌ى عه‌ره‌بى یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك ئاشكرایكرد 44 داواى یاسایى دژ به‌ پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك تۆماركراوه‌.

حه‌سه‌ن مه‌شهه‌دانى، بڕیارده‌رى به‌ره‌ى عه‌ره‌بى رایگه‌یاند: گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ هه‌ولێر، ئاڵنگارییه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تى ناوه‌ند و دادگاى عێراق.

وتیشى: "44 داواى یاسایى دژ به‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم هه‌ن، كه‌ له‌نێویاندا داواى تاوان هه‌یه‌".

بڕیارده‌رى به‌ره‌ى عه‌ره‌بى یه‌كگرتووه ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئه‌گه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو باڵاده‌ست بوایه‌، به‌هیچ جۆره‌ ئه‌و كاره‌ روینه‌ده‌دا".

له‌ 21ى ئایار ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌یروت له‌ لوبنان ئاشكراكرا پاش ئه‌وه‌ى له‌ نه‌مساوه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ گه‌ڕابووه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوان ده‌كرا له‌لایه‌ن پۆلیسى ئینته‌رپوڵه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ى له‌سه‌ریه‌تى راده‌ستى به‌غدا بكرێت.

پێشتر دادگا بڕیارى ده‌ستگیركردنى بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كرد به‌هۆى تۆمه‌تباركردنى له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى "گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى پاره‌ى گشتى".

لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و هێرشى سوپاى عێراق بۆ سەر کەرکوک نەجمەدین کەریم شاره‌كه‌ى جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو.

له‌ 16ى شوباتى 2019ش ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریدا نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ ریزه‌كانی دووربخاته‌وه‌ كه‌ پێشتر پله‌ى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى هه‌بوو.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure