"دێمە هەولێر ئارایشتگە دەكەمەوە"
دۆخی ئێران بازاڕی موڵك و ماڵی چەند قات بەرز كردۆتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/06/2019‌ :: 433‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


دۆخی ئێران وایكردووە دانیشتوانەكەی بەناچاریی بڕیارێك لەسەر قەدەری خۆیان بدەن كە خۆیان هۆكار نین بۆ دروستبوونی، بەشێكیان هەرچیان هەیە فرۆشتوویانە و دەچنە وڵاتانی دەرەوە، بەشێكیان دێنە هەولێر، بەشێكیشیان دۆخەكەی ئەوێیان پێخۆشە و دەڵێن قازانجمانە.

گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری دیاری کردووەتە سەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون لە ئێران، خاوەن نووسینگەیەك دەڵێت نرخەکانیش دوو هێندە بەرزبوونەتەوە.

زانا قادری، لە نووسینگەی ڕادمان بۆ کڕین و فرۆشتنی خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە تاران بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "هەر ڕۆژێک سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئێران گفتوگۆیەکی توندیان هەبێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕی ئێمە دەبێت".

زانا قادری، دەشڵێت: "بەهۆی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا کڕین و فرۆشتنی خانوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون زۆر کەمبووەتەوە بەجۆرێک جاران هەفتەی 10 بۆ 15 گرێبەستمان دەکرد، ئێستا هەفتەی ئەگەر دوو گرێبەست بکەین شوکرانەی دەوێ".

لەبارەی نرخەکان زانا قادری، ڕایگەیاند "ئێستا کە بازاڕ نییە نرخیش بەرزبووەتەوە واتا پێچەوانەیە ئەویش بەهۆی بێ بەهایی دراوی تمەنە، ئێستا نرخی یەکەیەکی نیشتەجێبوون کە 150 مەترە لە 12 هەزار دۆلارەوە بووەتە نزیکەی 20 هەزار دۆلار. یەکەی نیشتەجێبوونی کۆن هەیە مەتری لە 700 دۆلارەوە بۆ 1200 دۆلار بەرزبووەتەوە.

زیاتر لە چوار مانگە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان کردووە بە فرۆشتنی ماڵ و موڵکیان بەشێکیان بۆ دەرەوەی وڵات ڕۆیشتوون و بەشێکیشیان ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە بە مەبەستی نیشتەجێبوونی یەکجاری.

هێرۆ و ڕەزای هاوسەری، ماوەی چوار ساڵە هاوسەرگیریان کردووە، ماڵەکەیان کە ڕووبەری 150 مەترە و لە مهابادە بۆ دواڕۆژ دەڵێن "بەهۆی خراپیی باری دارایی، ماڵێکمان لە تاران هەبوو کە 47 مەتر بوو، فرۆشتمان و پارەکەمان خوارد، ئێستا دەمانەوێ ئەو خانووەش بفرۆشین كە لەگەڵ ئەوەی نرخەکەی گران بووە، بەڵام بەو پارەیەی خۆمان هیچ ناکات".

هێرۆ و ڕەزا، دەشڵێن: "بڕیارمانداوە پارەی ئەو خانووەمان لەگەڵ ئۆتۆمێلەکە ببەینە هەولێر و لەوێ ئارایشگای پێ دامەزرێنین تا هیچ نەبێ بتوانین بە ئاسوودەیی بژین، چونکە پارەی خانووەکە و ئۆتۆمبێلەکەش خانویەکی 100 مەتریی پێ ناکڕدرێت لە هەولێر".

عەلی نادری، خەڵکی بۆکانە و ماوەی 4 ساڵە لە تاران و ناوچە گەشتیارییەکانی شیمالی ئێران کاری بازرگانی دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت "ئەو ململانێ سیاسییەی ئێران و ئەمریکا بۆ من زۆر باشە، چونکە تا ئێستا چوار ڤێلام کڕیوە لەگەڵ دوو باڵەخانە".

عەلی نادری، دەشڵێت: "ڕاستە بە نرخێکی گرانتر لە جاران کڕیومە، بەڵام من چاوەڕێ دەکەم کە دۆخەکە باشتر بێت و قازانجی لێبکەم، ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بێتەوە ئەوا لە هەر باڵەخانەیەک زیاتر لە 3 هەزار دۆلار قازانج دەکەم".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران، لە ساڵی 2013 تاوەکو ئێستا 3 ملیۆن و 587 هەزار خانووی بەتاڵ هەن، هاوکات، 25 ملیۆن و 400 هەزار یەکەی نیشتجێبوون هەن کە خەڵکی تێدا دەژی، ئەمە لەکاتێکدایە ژمارەی دانیشتوانی ئێران سەرووی 80 ملیۆن کەسە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure