دۆخی ئێران خەریكە گەورەترین پڕۆژەی ئەمریكی لەعێراق شكست پێدێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 23/06/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پێش چەند هەفتەیەك لەكۆتاییهاتنی، كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی زەبەلاحی ئەمریكی لەسەروبەندی مۆركردنی پڕۆژەیەكی گەورەدا بوو لەگەڵ عێراق بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی چەند كێڵگەیەكی نەوتیی بەبڕی دەیان ملیار دۆلار، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی نێوان ئێران و ئەمریكا ئەو گرێبەستە پێدەچێت سەری نەگرتبێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك، ترس و دڵەڕاوكێ باڵی كێشاوە بەسەر هەموو گرێبەستانەدا و بەهۆی جێبەجێنەكردنی چەند بەندێكی رێككەوتننامەكە، ئەو پڕۆژە گەورەیە سەركەوتوو نەبووە.

بەپێی رێككەوتننامەكە، دەبوایە ئیكسۆن مۆبیل بەنیوەیی بەرهەمی دوو كێڵگەی نەوتیی باشووری وەرگرتایە كە ئەوەش بەغدا رەتیكردۆتەوە بەبیانووەی ئه‌وه‌ی دەستوەردانە لە سەروەری عێراق.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەهۆی كشاندنەوەی چەند كارمەندێكی ئیكسۆن مۆبیل، پاش ئەوەی هێرشكرایە سەر بەرژەوەندییەكانیان لەباشووری عێراق، رەنگە رێككەوتنەكە هەڵبوەشێتەوە.

لای خۆیەوە فەیاز نیعمە بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە: كە رێككەوتننامەكە بەمزووانە دێتە ئاراوە و بڕی 53 ملیار دۆلاری ئەمریكی بەهاكەیەتی.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت بۆ رۆیتەرز، ئەوەیان ئاشكراكردووە "مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سێ رۆژدا دووجار لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كردووە".

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق مانگی رابردوو باسی ئەوەی كرد، رێككەوتننامەیەك لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل دێتە ئاراوە، بە بڕی 53 ملیار دۆلار، بۆ ماوەی سی ساڵ، بۆ پەرەپێدانی نەوت و بەرهەمەكانی لەباشووری عێراق.

یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی ئەگەری سەرنەگرتنی رێككەوتنەكە، ئەوەیە ئیكسۆن مۆبیل دەیەوێت بڕێك لەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت، خۆی بیفرۆشێت، بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای سۆمۆ كە ئەوەش لایەنی عێراقی بەتەواویی رەتیدەكاتەوە.

ئا: ئارام غەفور
پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure