له‌ دوو روداوى جیادا 3 گه‌نج بوونه‌ قوربانى

هەواڵ / کوردستان :: 21/06/2019‌ :: 364‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ هه‌ینى 21ى حوزه‌یران، له‌ دوو روداوى جیادا له‌ ناحییه‌ى شاره‌زوور دوو گه‌نج گیانیان له‌ده‌ستدا و یه‌كێكى تریش برینداربوو.


رائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "سەرلە  ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای ناحیەی خورماڵ هەڵەبجە لە نزیک گوندی (گردی گۆ) لەئەنجامی پێکدادانی ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان دەبڵ گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ گیانی لەدەستدا".

وتیشى: "ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە دانیشتوی ناحیەی شاره‌زوورى سەربە پارێزگای هەڵەبجەیە و ناوى شاهید عومه‌ر-ه‌. هاوکات سەرنشینێکی دیکەی ماتۆڕسکیلەکەش بەسەخی برینداربووه‌، بەمەبەستی وه‌رگرتنى چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجەکراوه‌".

وتەبێژەکەی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خسته‌ڕوو: "شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەبڕیاری دادەوەری لێکۆڵینەوە هەڵەبجە بەندکراوە، بەپێ یاسای 24 هاتوچۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەبنکەی پۆلیسی خورماڵ بۆ كراوه‌ته‌وه‌".

هاوكات سه‌رله‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 18 ساڵ دانیشتووى قه‌زاى شاره‌زوور، له‌كاتى راوه‌ماسیدا له‌ چه‌مى تانجه‌رۆ خنكا و دواى دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌شى ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى سلێمانى كرا.

كه‌مال ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید ڕه‌وف به‌گ له‌ قه‌زاى شاره‌زوور، به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "سه‌رله‌ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ته‌رمى گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 18 ساڵ گه‌یه‌نرایه‌ به‌شى فریاكه‌وتنى نه‌خۆشخانه‌كه‌مان پاش ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ى سه‌ره‌تایی ده‌ركه‌وت كه‌ خنكاوه‌".

وتیشى: "ئه‌و گه‌نجه‌ى كه‌ خنكاوه‌ ناوى ( هاوكار حه‌مه‌ساڵح)ه‌، دانیشتووى قه‌زاى شاره‌زووره‌ و له‌كاتى ره‌وه‌ماسیدا له‌ چه‌مى تانجه‌رۆ له‌ نزیك گوندى (ته‌پى كه‌ره‌م) خنكاوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید ڕه‌وف به‌گ له‌ قه‌زاى شاره‌زوور، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو:  به‌مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ى زیاتر له‌ هۆكارى گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ى ته‌رمى گه‌نجه‌كه‌ ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى سلێمانى كاروه‌، هاوكات لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ رووداوه‌كه‌ كردوه‌ته‌وه‌.

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure