حیزبێکی هەرێم ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە دەکات

هەواڵ / کوردستانی :: 21/06/2019‌ :: 341‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەدوا كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا لیژنەی حەوت كەسی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی بەستنی كۆنگرەی چوارەم پێكهێنا.


شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەدواكۆبوونەوەی سەركردایەتیدا چەند هەنگاو و رێكارێك سەبارەت بەبەستنی كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەیان ئەنجامدران ئەوانیش دروستكردنی لیژنەیەكی حەوت كەسی لە ئەنجومەنەكانی (سەركردایەتی و سیاسی و بەڕێوەبردن و چاودێری) بۆ گەڵاڵەی پڕۆژەی بەستنی كۆنگرە.

وتیشی: "ئەو لیژنەیە دوای ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە دواتر لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیدا تاوتوێ و پەسەند دەكرێت، بەپێی تواناش هەر لەسەرەتاوە تا ناو كۆنگرە ئەوپەڕی هەوڵ دەدەین هەرچی كار و پڕۆژەی باشە بۆ كۆنگرە و حیزبەكەمان بیكەن".

سەبارەت بەلێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە حیزبەكەیان كە پێشتر عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵ وەكو رای خۆی خستیەڕوو، شوان رابەر ئاماژەی بەوەكرد:  تاوتوێكردنی پاشگری ئیسلامی لەكۆمەڵ و هەر پرسێكی دیكە لەكۆنگرە تاوتوێ دەكرێت و دوا دەسەڵاتیش بۆ زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەیە. 
 
كۆمەڵی ئیسلامی ماوەی 18 ساڵە دامەزراوە و لەو كاتەشەوە تائێستا عەلی باپیر، ئەمیری ئەو حیزبەیە.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure